لەنێویاندا 3 وڵاتی عەرەبی.. لیستێک لە 5 وڵات کە رەنگە بچنە ناو گروپی ” BRICS”ەوە

هەولێر – نۆرس پرێس

پۆرتاڵی “UOL”ی بەرازیلی، رۆژی چوارشەممە، لیستی پێنج وڵاتی ئاشکرا کرد کە پێدەچێت بچنە ناو گروپی “BRICS”ی وڵاتانی ئابووری تازەپێگەیشتوو، لەنێویاندا سێ وڵاتی عەرەبی هەیە.

ئەو سەرچاوەیە گوتیشی: “بریارە کۆمپانیای بریکس فراوانکردنی ئەندامێتی گروپەکە رابگەیەنێت بۆ ئەوەی پێنج وڵاتی دیکە بگرێتەوە، لەگەڵ ئەگەری پەیوەندیکردن بە ئەندامێکی شەشەم لە ساڵانی داهاتوودا”.

ئاماژەی بەوەشکرد، سەرکردەکانی بریکس شەوی سێشەممە لە کۆبوونەوەیەکی داخراودا کۆبوونەوە بۆ تاوتوێکردنی بژاردەی فراوانکردنی گروپەکەیان. بریارە ئەمرۆ پێنجشەممە ئەو راگەیاندنە رابگەیەنرێت.

لە رەشنووسی بەیاننامەی کۆتاییدا کە دەستکەوتی یو ئۆ ئێڵ کەوتووە، لیستی کۆتایی ئەو وڵاتانەی ئاشکرا کردووە کە رەنگە بچنە ناو گروپەکەوە کە بریتین لە ئیمارات، سعودیە، میسر، ئەرجەنتین و ئێران.

هەروەها چاوەروان دەکرێت وڵاتێکی دیکەی ئەفریقی بانگهێشت بکات بۆ ئەوەی “هاوسەنگی جوگرافی دروست بکات”.

بلومبێرگ نیوز بە پشت بەستن بە کەسانی ئاشنای دانوستانەکان ئەمرۆ پێنجشەممە لە راپۆرتێکدا رایگەیاند کە وڵاتانی بریکس بە نیازن ژمارەیەک وڵات بانگهێشت بکەن بۆ بەشداریکردن لەم گرووپە.

لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە سەرکردەکانی بەرازیل، رووسیا، هیندستان، چین و باشووری ئەفریقا، ئەو وڵاتانەی کە گروپی بریکس پێکدەهێنن، رێککەوتوون لەسەر فراوانکردنی بلۆکەکە.

لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، ئەو بابەتە پەیوەندی بە هەردوو وڵاتی میسر و سعودیەوە هەیە، هەروەها وڵاتانی دیکەی رۆژهەڵاتی ناوەراست.

هاوکات وەزیری دەرەوەی ئەفریقای باشوور رایگەیاند، کە رۆژی چوارشەممە، وڵاتانی بریکس رێککەوتوون لەسەر فراوانکردنی گروپەکە، کە لە ئێستادا تەنها پێنج وڵات لەخۆدەگرێت.

ئەم فراوانکردنە تەنها دووەم جار دەبێت لە مێژووی گروپەکەدا کە تیشک دەخاتە سەر گەشەپێدانی ئابووری و زیادکردنی دەنگی ئەندامانی لە کۆر و کۆربەندە جیهانییەکان.

بریکس یەکەم لوتکەی خۆی لە ساڵی 2009 بە چوار ئەندام ئەنجامدا، پاشان ساڵی دواتر ئەفریقای باشووری زیاد کرد.