ئاسایشی هەرێمی کوردستان چوار قاچاخچی پارچە شوێنەوارییەکان دەستگیر دەکات

هەولێر – نۆرس پرێس

دوێنێ سێشەممە، دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان دەستگیرکردنی چوار کەسی بە تۆمەتی بەقاچاخ بردنی پارچە شوێنەوارییەکان راگەیاند.

دەزگاکە راگەیێندراوێکی لەبارەی دەستگیرکردنی ئەو چوار کەسە بڵاوکردەوە و گوتی، “ئاسایشی راپەڕین لە ماڵیکدا دەستیان گرت بەسەر چەندین سکە و پارچەی مێژوویی و شوێنەواری و چوار تۆمەتباریشیان دەستگیر کرد.”

لە راگەیێندراوەکەی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستاندا هاتووە، “هێزەکانی ئاسایش بە پشتبەستن بە بەدەستهێنانی زانیاری و بەدواداچوون، بە بڕیاری دادوەری دادگەی لێکۆڵینەوەی ئاسایش لە رۆژی، 17-08-2023، توانییان چوار تۆمەتبار دەستگیر بکەن، هەستاون بە مامەڵەکردن بە چەندین (سکەی) قەبارە جیاواز و (دوو پەیکەری) هونەری مێژووییش دەستیان بەسەرداگیرا.”

بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، هەر چوار تۆمەتبارەکە دانیشتووی سنووری ئیدارەی راپەڕینن و بە ماددەی 34 لە یاسای ژمارە 5ـی ساڵی 2021ـی شوێنەوار راگیراون و لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت.