دوای دوو هەفتە لە دەستبەسەرکردنیان.. دەسەڵاتدارانی تورکیا 32 کۆچبەر رادەستی “نوسرە” دەکەن

ئیدلیب – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ چوارشەممە، دەسەڵاتدارانی تورکیا 32 کەسیان رادەستی دەزگای ئەمنی گشتی دەستەی تەحریرشام (بەرەی نوسرەی پێشوو) کرد، لە رێگەی دەروازەی باب ئەلهەواوە، ئەوەش دوای نزیکەی دوو هەفتە لە دەستبەسەرکردنیان لەکاتێکدا هەوڵیاندەدا لە میحوەرەکەی گوندی خربەت ئەلجوزەوە لە باکووری رۆژئاوای ئیدلبەوە بپەڕنەوە بۆ ناو تورکیا.

سەرچاوەیەکی تایبەت بە نۆرس پرێسی راگەیاند، ئەو 32 دەستگیرکراوە لەلایەن جەندرمەی تورکیاوە رادەستی ئەمنی دەروازەکە کراون، لەوێش پەنجەمۆری دەست و چاویان لێ وەرگیراوە، بە ئامانجی رێگریکردن لە جارێکی دیکە هەوڵدانیان بۆ چوونە نێو خاکی تورکیاوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، لەنێو دەستگیرکراوەکاندا 7 کارمەندی ئەمنی و سەربازی سەر بە “تەحریرشام” هەن کە لە دەستی “جۆلانی” هەڵهاتوون، کە لەلایەن دەسەڵاتدارانی تورکیاوە لەسەر میحوەری گوندی خربەت ئەلجۆز لە رۆژئاوای ئیدلب، دەستگیرکراون.

سەرچاوەکان رایانگەیاندووە، ئەمە 12مین جارە کە رادەستکردنەوەی لەمجۆرە لە ماوەی مانگی رابردوودا رووبدات، بۆ ئەو دەستگیرکراوانەی کە لە ناو خاکی تورکیادا لێکۆڵینەوەی ئەمنییان لەگەڵدا دەکرێت.

جگە لەوەش سەرچاوەیەک لە ئیدارەی دەروازەی باب ئەلهەوا بە نۆرس پرێسی راگەیاند، لە ماوەی ئەم مانگەدا ژمارەی ئەو کەسانەی لەلایەن دەسەڵاتدارانی تورکیاوە رادەستی دەروازەی باب ئەلهەوا کراون، 150 کەسی تێپەڕاندووە.

ئامادەکردنی: هانی سالم – داڕشتنەوەی: مالین محەمەد