دایکی مباپێ بۆ ئەلخلێفی: وەک سەگ مامەڵەتان لەگەڵ کوڕەکەم کرد.. دەبێ داوای لێبوردن بکەن!
ژووری وەرزش– نۆرس پرێس
داهاتووی کیلیان مباپێی فەرەنسی، ئەستێرەی یانەی پاریس سان جێرمان بووتەهۆی کەوتنەوەی مشتومڕ لەناو یاریگاکانی ئەوروپادا.
بەڕێوبەرانی یانەی پاریس، هەفتەی رابردوو لە مباپێ خۆشبوو و یاریزانەکە گەڕایەوە بۆ راهێنانەکان و بەشداریکردنی لە یارییەکان لەگەڵ کۆمەڵەی سەرەکی.
بەگوێرەی ئاژانسی “دیڤینسیا سێنتڕاڵ”، فایزە ئەلعەماری دایک و بریکاری مباپێ، هەڕەشەی لە ناسر ئەلخلەیفی، سەرۆکی یانەکە کردووە، بەهۆی ئەوەی کە دانانیشێت و دانوستان لەسەر چارەنووسی یاریزانەکە ناکات، بەرلەوەی یاریزانەکە دەستبەجێ بگەڕێتەوە بۆ لای راهێنەرەکەی، ئینریکی .
ئاژانسە ئیسپانییەکە ئاشکرایکردووە، ئەلعەماری بە ئەلخلەیفی وتووە “وەک سەگ مامەڵە لەگەڵ کوڕەکەمدا دەکەن”، هەروەها ئەو هەوڵانەی مباپێی وەبیرخستووەتەوە، بە روبەڕوبوونەوەی هەموو ئەو فشارانەی، کە لە ماوەی ساڵی رابردوودا تووشی بووە و گرێبەستەکەی لەگەڵ پاریس نوێکردووەتەوە و دەستبەرداری خەونەکەی بووە بۆ یاریکردن لە ریاڵ مەدرید.
ئەلعەماری باسی لەو هێرش و رەخنانە کردووە کە مباپێ تووشی بووەتەوە لەلایەن یانەکەوە، بەهۆی شکستهێنانی لە بەدەستهێنانی نازناوی چامپیۆنزلیگ، جەختی لەوەش کردەوە کە ئەگەر درێسی شاهانەی لەبەرکردایە، ئەوا پاڵەوانی ئەوروپا دەبوو.
“دیڤینسیا سێنتڕاڵ” دەڵێ، “ئەلخلەیفی لەم ساتەدا لە دووڕیانیکی سەختدایە، چونکە هەموو ئەوانەی ئەلعەماری دەیڵێ راستن”.
دایکی مباپێ داوای لە یانەی پاریس و ئەلخلەیفی کرد کە داوای لێبوردن لە کوڕەکەی بکەن لەسەر ئەوەی بەسەریدا هاتووە، دەشڵێ “سەرۆکی پاریس هیچ بژاردەیەکی نەبوو جگە لە گوێگرین بۆ مباپێ، هەر لەبەر ئەم هۆکارەش ناچار بوو یاریزانەکە بگەڕێنێتەوە بۆ مەشق و راهێنانەکان”.