درۆنەکانی رووسیا کۆگاکانی دانەوێڵە لە ئۆدێسای ئۆکرانیا دەکەنە ئامانج

دیمەشق – نۆرس پرێس

بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە درۆنێکی رووسیا ناوچەی ئۆدێسای لە باشووری ئۆکرانیا کردە ئامانج، پارێزگاری شارەکە رایگەیاند، کە دوایین درۆنیان ئەو کۆگانەی بۆ هەناردەکردنی دانەوێڵە بەکارهێنراون کردوەتەئامانج، ئەوەش لە دوای هەڵوەشاندنەوەی رێککەوتنێکەوە کە رێگەی بە تێپەڕبوونی سەلامەتی بارەکان لە دەریای رەشەوە دەدا.

ئۆلێگ کەبیر، پارێزگاری ناوچەی ئۆدێسا، لە تێلیگرامدا نووسیویەتی: “درۆنەکان کۆمەڵگەی بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی دانەوێڵەیان کردوەتە ئامانج.. کە زیانی بە سایلۆکانی دانەوێڵە گەیاندووە”، ئاماژەی بەوەشداوە کە هیچ زیانێکی گیانی نەبووە.

بەپێی راگەیەندراوی فەرماندەیی سەربازیی باشووری ئۆکرانیا، بەرگری ئاسمانی 9 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی هێرشبەری “شاهید”یان لەناوبردووە کە لەلایەن ئێرانەوە دروستکراون.

ئاماژەیان بەوەشکردووە، رووسیا لە شەودا بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشی کردووەتە سەر باشووری ناوچەی ئۆدێسا و رووباری دانوب لە باشووری ئۆکرانیا کە ناوچەیەکی سەرەکییە بۆ هەناردەکردنی دانەوێڵە.

لە دوای کشانەوەی لە رێککەوتنەکە، کە نەتەوە یەکگرتووەکان سەرپەرشتی دەکرد، مۆسکۆ ناوچەکانی ئۆدێسا و میکۆلایڤی بۆردومان کردووە، کە بەندەر و دامەزراوە گرنگەکان بۆ ناردنی دانەوێڵە لەو ناوچانەدان.

بەر لە دوو رۆژ، ئاژانسی رۆیتەرز لەزاری میدیاکانی رووسیاوە بڵآویکردەوە، کە دەنگی تەقینەوەیەک لە مۆسکۆ بیستراوە و هاتوچۆی ئاسمانی پەکی کەوتووە.

هەروەها ئاژانسی “فڕانس پرێس” رایگەیاندبوو کە دەنگی تەقینەوەکە لە ناوچەی بازرگانی مۆسکۆ بیستراوە و دوکەڵ لە ناوچەکەدا بینراوە.

سەرلەبەیانی رۆژی شەممەی پێشوو، باڵەخانەیەک لە ناوەندی پایتەختی رووسیا، کە پێنج کیلۆمەتر لە کرێملینەوە دوورە، بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئۆکرانیا، کرایەئامانج.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: روبین عومەر