دیمەشق-نۆرس پرێس
لە کاتێکدا دووبارە خۆپیشاندانەکان لە سوریا سەریهەڵداوەتەوە، وەزیری دەرەوە و ئوردن، ئەیمەن سەفەدی، لەگەڵ گێیر پێدەرسن، نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سوریا، هەوڵەکانی چارەسەرکردنی قەیرانی سوریایان گفتوگۆ کرد.
لە 17ی ئابەوە خۆپیشاندان لە پارێزگای سوەیدا لە باشوری سوریا لە دژی خراپی باردۆخی ئابووری و کەمی خزمەتگوزارییەکان بەرزبوونەوەی نرخی کەلوپەلەکان بەردەوامن.
ناوچەی ناڕەزایەتییەکان لە سوەیدا و دەرعا و ناوچەکانی دیکەی سوریا وردە وردە بەرفراوانتر دەبن، هەروەها داواکارییەکانی خۆپیشاندەرانیش زیاتر دەبێت، هەندێکیان داوای رووخاندنی رژێمیان دەکرد، هەندێکی دیکەش داوای “لامەرکەزییەت”یان کرد.
وەزارەتی دەرەوەی ئوردن، لە بەیاننامەیەکدا لە تویتەر رایگەیاند، سەفەدی لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ پێدەرسن باسی هەوڵەکان بۆ گەیشتن بە چارەسەرێکی ئاشتیانە بۆ قەیرانی سوریا، بەپێی رێگەچارەی “هەنگاو بە هەنگاو”.
وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەشکرد، هەوڵەکان بۆ چارەسەرکردن دەبێت لەگەڵ بڕیارنامەی 2254ی نەتەوە یەکگرتووەکان بگونجێت، هەروەها لەڕێگەی ڕێڕەوی عەرەبی و نەتەوە یەکگرتووەکانەوە، ئاماژەی بەوەشکرد، هەردوولا جەختیان لەسەر گرنگی هەماهەنگی بەردەوام کردەوە بۆ گەیشتن بە ئامانجی هاوبەش لە چارەسەرکردنی قەیرانەکان و چارەسەرکردنی هەموو ئەو دەرەنجامەکان.
پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی نێوان سەفەدی و پیدەرسن چەند ڕۆژێک دوای کۆبوونەوەی “لیژنەی پەیوەندیی وەزاری عەرەبی بۆ سووریا” دێت لە قاهیرە، کە وەزیرانی دەرەوەی میسر، ئوردن، سعودیە، عێراق، لوبنان و سوریای و ئەمینداری گشتی کۆمکاری عەرەبی لە خۆگرتبوو.
لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لە سەر ئەوە کرا کە تاکە چارەسەر بۆ “قەیرانی سوریا” چارەسەری سیاسییە.