بەرێوەبەرایەتی خۆسەر شاری قامشلۆ بە رێگای نێودەوڵەتی ئێم 4 دەبەستێتەوە

قامشلۆ-نۆرس پرێس

ئەندازیاری تەکنیکی لە کۆمپانیای رێگاوبانی “زاگرۆس”ی سەر بە بەرێوەبەرایەتی خۆسەر محەمەد تەمۆ،، ئەمرۆ سێشەممە 22/8/2023 رایگەیاند، 90%ی پرۆژەی رێگای “عەمبارە” کە شاری قامشلۆی رۆژئاوایی کوردستان بە رێگای نێودەوڵەتی ئێم 4 دەبەستێتەوە، لە باکوری رۆژهەڵاتی سوریا، جێبەجێکراوە.

تەواوکردنی رێگەی “عەمبارە” کە 2 کم لە رۆژئاوای شاری قامشلۆ دوورە، دەبێتە هۆکار بۆ کەمکردنەوەی قەرەباڵغی لە سەر رێگای عەلی فەرۆ، کارئاسانی بۆ هاتووچۆی ئۆتۆمبێلی سەرنیشینان و هاتوچۆی بازرگانی دەکات.

محەمەد تەمۆ بۆ نورس پرێس رایگەیاند، رێگای عەلی فەرۆ زۆر کۆن و خراپ بوو هەروها  پر بوو لە چاڵ، زۆر ئاستەنگی بۆ شوفێران دروستدەکرد.

تەمۆ ئاماژەی بەوەشکردووە، لە قۆناغی کۆتایی پرۆژەکەدان، دوای تەواوکردنی کارەکانی پەیوەست بە هەڵکەندن و قیرکردن.

ئەندازیاری کۆمپانیای زاگرۆس روونیشیکردەوە، تەنها مەودای 2 کیلۆمەتر ماوە بۆ تەواوکردنی دانانی یەکەم قۆناغی قیر بە ئەستووری 8 سانتیمەتر، دواتر قۆناغی دووەمی قیرکردنی بە ئەستووری 7 سانتیمەتر دادەنرێت، بەوەش رێگاکە ئامادەبێت بۆ بەکارهێنان.

بە وتەی محەمەد تەمۆ درێژایی رێگای “عەمبارە” 10 کیلۆمەترە و پانییەکەی 10 مەترە.

هەروها گوتی، نزیکەی 90%ی پرۆژەکەیان تەواو کردووە، لە ماوەی مانگێکدا تەواوی رێگاکە تەواو دەبێت.