لە بەریتانیا بەهۆی کۆشتنی حەوت منداڵ زیندانی هەتاهەتایی بۆ پەرستارێک دەرچوو

هەولێر- نۆرس پرێس

دادوەرێکی بەریتانی سزای هەتاهەتایی بەسەر پەرستارێکدا سەپاند، بەهۆی کۆشنی حەوت منداڵی تازە لەدایکبوو و هەوڵی کۆشتنی شەش منداڵی دیکەیشی داوە.

ئەمڕۆ دوشەممە دادوەرێکی بەریتانی سزای هەتاهەتایی بەسەر پەرستارێکدا سەپاند، کە حەوت منداڵی تازە لەدایکبووی کۆشتووە و هەوڵی کۆشتنی شەش منداڵی دیکەی داوە لە نەخۆشخانەیەکی باکوری ئینگلتەرا.

میدیاکانی بەریتانیا بڵاویانکردەوە، لوسی لێتبی تەمەن 33 ساڵان کە رەتیکردووەتەوە لە دادگا ئامادەبێت و ڕووبەڕووی دایک و باوکی منداڵەکان ببێتەوە، بەپێی یاسای بەریتانیا زۆرترین سزای بۆ دەرچووە، کە سزای زیندانی هەتا هەتاییە.

دادوەر جەیمس گۆس ئاماژەی بەوەکردوە، ژمارەی کۆشتنەکان و هەوڵی کۆشتنەکان و سروشتی تاوانەکانی پەرستارەکە لە بەریتانیادا رادەبەدەر دەگمەنە.

لوسی لێتبی بە تۆمەتی کۆشتن لە مردنی پێنج کوڕ و دوو کچ و هەوڵدان بۆ کۆشتنی شەش منداڵی دیکە تۆمەتبارکراوە، کاتێک لە نەخۆشخانەی کوانتێس ئۆف چێستەر لە باکوری ڕۆژئاوای ئینگلتەرا لە نێوان ساڵانی 2015 بۆ 2016 کاریکردووە.

قوربانییەکان لە یەکەی تازە لەدایکبوانی نەخۆشخانەی کوانتێسی چێستەر لە باکوری ڕۆژئاوای ئینگلتەرا، لە نێوان مانگی حوزەیرانی 2015 تا حوزەیرانی 2016 گیانیان لەدەستداوە.