رووسیا چواردەوری ئیدلیب بۆردوومان دەکات و بریندار هەیە
ئیدلیب – نۆرس پرێس
نیوەشەوی یەکشەممە/ دووشەممە، فڕۆکە جەنگییەکانی رووسیا هێرشە ئاسمانییەکانی خۆیان بۆ سەر ئەو ناوچانە نوێکردەوە کە لەلایەن دەستەی تەحریرشام (بەرەی نوسرەی پێشوو)ەوە لە باکووری رۆژئاوای سوریا کۆنتڕۆڵ کراون، لە ئەنجامدا زیانی گیانی لە ریزەکانی تەحریرشام کەوتەوە، ئەمەش لەکاتێکدایە کە هەڵکشانی سەربازی لەو ناوچەیە بەدی دەکرێت.
سەرچاوە سەربازییەکانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا بە نۆرس پرێسیان راگەیاندووە، فڕۆکە جەنگییەکانی رووسیا بە چوار هێرشی ئاسمانی و مووشەکی، لە کاتژمێر 12:10 نیوەشەودا، چواردەووری ناوچەکانی باشووری رۆژئاوای شاری ئیدلبیان کردووەتە ئامانج.
ئاماژەیان بەوەشکردووە، هێرشەکان بارەگایەکی سەربازی دەستەی “تەحریرشام”یان کردۆتە ئامانج و پێنج لە ئەندامانیان برینداربوون، کە سیانیان برینەکانیان سەختە، بەبێ ئەوەی باس لە بوونی کوژراو بکەن.
دوای هێرشەکانی رووسیا، سەرچاوەکان رایانگەیاند، تەحریرشام، بە تۆپ و مووشەکی قورس، کاروانێکی سەربازی هێزەکانی حکومەتی سوریای لە سەر رێگای نێودەوڵەتی حەڵەب- دیمەشق لە نزیک شاری سەراقیب لە رۆژهەڵاتی ئیدلب کردوەتە ئامانج، بەبێ ئەوەی هیچ هەواڵێک هەبێت دەربارەی زیانی گیانی لە نێو ریزەکانی هێزەکانی حکومەتدا.