ئوردن پوچەڵکردنەوەی بەقاچاخبردنی 63 هەزار حەپی کاپتاگۆنی لە سوریاوە بۆ ناو خاکی وڵاتەکەی راگەیاند
دیمەشق – نۆرس پرێس
ئێوارەی دوێنێ شەممە، پۆلیسی سنووری ئوردن رایگەیاند، بەقاچاخبردنی 63 هەزار حەپی کاپتاگۆنیان پووچەڵ کردووەتەوە، ئەمەش دوای ئەوەی لەسەر سنووری سوریا شەڕ و پێکدادانێک روویدا کە بووە هۆی کوژرانی چەند قاچاخچییەک.
ئاژانسی “شانشینی ئوردن”ی لە زاری سەرچاوەیەکی سەربازی لە فەرماندەیی هێزە چەکدارەکانی ئوردن بڵاویکردەوە، هێزەکانی پاسەوانی سنوور بە هەماهەنگی لەگەڵ بەشی کۆنترۆڵکردنی ماددە هۆشبەرەکان و دەزگا ئەمنی و سەربازییەکان، هەوڵێکی قاچاخچییەکانیان بۆ بەزاندنی سنوور بە شێوەیەکی نایاسایی دەستنیشانکرد و هەڵیانکوتایە سەریان و شەڕ و پیکدادان لە نێوانیاندا روویدا، سەرەنجام هەندێک لە قاچاخچییەکان کوژران و هەندێکی دیکەیان بەرەو خاکی سوریا هەڵهاتن.
63 هەزار حەبی کاپتاگۆن و 588 بەستەی حەشیش دەستیان بەسەردا گئرا.
پێش ئەوەش، لە 16 و13 ی ئابدا، سوپای ئوردن، دوو کفڕۆکەی بێفڕۆکەوانی هەڵگری مادەی هۆشبەریان خستەخوارەوە، کە لە دیوی سوریاوە بەرەو ناو خاکی ئوردن دەهاتن.
پرسی راگرتنی دروستکردن و قاچاخچێتی ماددە هۆشبەرەکان لە سوریا هەمیشە جێگەی سەرنجی سەرەکی بووە لەو گفتوگۆیانەی کە وڵاتانی عەرەبی لەگەڵ دیمەشق وەک مەرجێک بۆ ئاساییبوونەوە لەگەڵیدا ئەنجامیاندا.