وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی عێراق ژمارەی کرێکارانی بیانی لەو وڵاتە دەخاتەڕوو

هەولێر – نۆرس پرێس

دوێنی شەممە، وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی عێراق ژمارەی كرێكارە بیانییە مۆڵەتدارەکانی بڵاوكردەوە و جەختیشیكردەوە، مۆڵەتی كاركردن تەنها بەو پیشانە دەدرێت كە لە ناوخۆی وڵاتدا بەردەست نین.

نەجم عیقابی، گوتەبێژی وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی رایگەیاند، “دوای وەرگرتنی رەزامەندی ئەحمەد ئەسەدی وەزیری كار، دەرفەتێك دراوە بەو كرێكارانەی كە راستەوخۆ هاتونەتە ناو خاكی عێراقەوە بەتایبەتی كرێكارانی سوریا، بۆئەوەی وەزارەت پێداچونەوە بكات بە پێدانی مۆڵەتی كاركردن دوای تەواوكردنی رێكارە یاساییەكانیان”.

ڕونیشیكردەوە، مۆڵەتی كاركردن تەنها بەو پیشانە دەدرێت كە لە ناوخۆی وڵاتدا بەردەست نین، چونكە بەپێی یاسا دەبێت 50%ی هێزی كاری نیشتمانی دامەزراو بێت، و تەنها 50%ی بۆ دامەزراندنی بیانی دەمێنێتەوە، بەتایبەتی لە كۆمپانیاكانی وەبەرهێنان كە گرێبەست لەگەڵ دەوڵەت دەكەن، تاوەكو ئێستاش ژمارەی كرێكاری بیانی مۆڵەتپێدراو لە عێراق نزیکەی 100 هەزار كەس دەبێت”.

ئاماژەی بەوەشكرد، “لە عێراق زۆر كرێكاری بیانی بێ مۆڵەت هەیە كە لەڕێگەی ڤیزای گەشتیاری یان سەردانی ئاینی روی لە وڵات كردوە و دەستیانکردووە بەكاركردن، پێشێلكاریی دیكەش هەیە، بە نمونە بەشێك لەو كرێكارانە مۆڵەتی كاركردنیان بۆ یەك ساڵ یان زیاتر هەبووە،سەرەڕای تەواو بوونی مۆڵەتەكانیان، بەنایاسایی بەردەوامن لەكاركردن”.