کیلیان مباپێ پلانە سەرەکییەکەی نەگۆڕیوە

ژوری وەرزشی – نۆرس پرێس

کیلیان مباپێ فەڕەنسی و ئەستێرەی یانەی پاریس سانجێرمان سوورە لەسەر پەیوەندیکردن بە ریال مەدرید.

بە درێژایی ئەم مێرکاتۆیە ریال مەدرید لە بابەتی کلیان مباپێ بێ جوڵە بووە، سەرەڕای ئەوەی یاریزانەکە باس و خواسی گەرمی مێرکاتۆ بووە، بەهۆی بڕیاری نوێنەکردنەوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ سانجێرمان.

پاریس سانجێرمان یاریزانەکەی خستە لیستی فرۆشتن، پاش ئەوەی ناوبراو ئارەزووی خۆی بۆ جێهێشتنی یانەکە دەربڕی، ئەمە لە کاتێکدایە گرێبەستی کیلیان لەگەڵ پاریس لە هاوینی ساڵی 2024 بەسەردەچێت.

دۆخەکە بەوەش نەوەستا، هێرشبەرە فەڕەنسییەکە لە گەشتی یانەکە بۆ وڵاتی ژاپۆن دوورخرایەوە، نەیتوانی بەشداری یەکەم یاری وەرزی نوێی خولی فەڕەنسیش بکات.

بەڵام بەهۆی ئەوەی هیچ جموجۆڵێک لە فرۆشتنی یاریزانەکە نەبوو، یانەکە بڕیاریدا جارێکی دیکە یاریزانە تەمەن 24 ساڵانییەکە بگەڕێنێتەوە پێکهاتەی تیپەکەی، بڕیارە ئەمشەو بەرامبەر بە تۆڵۆز یەکەم یاری خۆی لە وەرزی نوێدا ئەنجامبدات.