لە گوندەوارەکانی حەسەکە شەڕڤانێکی هەسەدە گیانی لەدەستدا و دوو شەڕڤانی تریش بریندار بوون

دێرەزوور – نۆرس پرێس

رۆژی شەممەی ڕابردوو، لە هێرشێکی چەکداریدا ئۆتۆمبێلێکی سەربازی هێزەکانی هەسەدە لە شارۆچکەیەکی باشووری حەسەکە لە ڕۆژئاوای کوردستان کرایە ئامانج، بەو هۆیەوە شەڕڤانێکی هەسەدە گیانی لەدەستداو دوو شەڕڤانیش برینداربوون.

سەرچاوەیەکی سەربازی لە هەسەدە لە شارۆچکەی ئەلشەدادی باشووری حەسەکە ڕایگەیاند، چەکدارە نەناسراوەکان بە ماتۆڕسکیلەوە ئۆتۆمبێلێکی سەربازییان بە دۆشکە لە نزیک دەروازەی چوونە ژوورەوەی گوندی زیانات لە شارۆچکەی شەدادی باشووری حەسەکە کردووەتە ئامانج.

سەرچاوەکە باسی لەوەشکرد، بەهۆی هێرشەکەوە شەڕڤانێکی هێزەکانی هەسەدە بە ناوی سەوادی سەرحان (تەمەن 28 ساڵ)، گیانی لەدەستدا، و دوو شەڕڤانی تریش برینداربوون، باری تەندروستی بریندارەکان جێگیرە، بەپێی گوتەی پزیشکانی ئەو  نەخۆشخانەیەی کە بریندارەکان تێدا چارەسەر وەردەگرن.

تا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە هێزەکانی هەسەدە هیچ لێدوانێکیان لەسەر ئەو ڕووداوە نەداوە.

لەم دواییانەدا چەکداڕانی داعش هێرشەکانیان لە سوریا و عێراق چڕتر کردووەتەوە، سەرەڕای بەردەوامی هەڵمەتە ئەمنییەکان بۆ بەدواداچوونی شانەکانی ئەو ڕێکخراوە.

لە چواردەی مانگی پووشپەڕی ئەمساڵدا، شەڕڤانێکی هەسەدە، بە تەقەی چەکدارانی نەناسراو، لە شارۆچکەی ئەلشهەیل لە گوندەوارەکانی ڕۆژهەڵاتی دێرەزوور، گیانی لەدەستدا.

ئامادەکردنی: عومەر عەبدولڕەحمان – داڕشتنەوە: ئەحمەد عوسمان