دوای بڕیاری “ئیکواس”.. دوو وڵات فڕۆکەی جەنگی دەنێرن بۆ نیجەر

هەولێر – نۆرس پرێس

دوای ئەوەی کۆمەڵگەی ئابووری وڵاتانی رۆژئاوای ئەفریقا (ئیکواس) ئامادەیی خۆی بۆ دەستێوەردان لە نەیجەر پشتراستکردەوە، مالی و بورکینا فاسۆ فرۆکەی جەنگییان نارد بۆ نیامی، ئەمەش لە چوارچێوەی هەوڵەکانی هەردوو وڵات بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر دەستوەردانێکی سەربازی ئەگەری هەیە.

راپۆرتێک کە لە تەلەفزیۆنی دەوڵەتی لە نەیجەر پەخش کرابوو، تیشکی خستە سەر هەوڵە هاوبەشەکانی مالی و بورکینافاسۆ بۆ پشتیوانی لە سەرکردەکانی کودەتا لە نەیجەر لە دژی هەر دەستێوەردانێکی سەربازی ئەگەری لەلایەن هێزی “ئیکواس”ەوە.

لە راپۆرتەکەدا هاتووە: “مالی و بورکینافاسۆ بەڵێنەکانیان کردووە بە کردەوەی کۆنکرێتی بە جێگیرکردنی فرۆکەی جەنگی بۆ وەڵامدانەوەی هەر هێرشێک بۆ سەر نیجەر”.

تیشکی خستە سەر ئەوەی کە ئەو فرۆکانەی نێردراون فرۆکەی شەرکەری سوپەر توکانۆنن.

پێشتر بۆرکینا فاسۆ و مالی بەیاننامەیەکیان بڵاوکردەوە بۆ پشتیوانی لە نیجەر دژی ئەو ئۆپەراسیۆنە سەربازییەی کە گروپی ئیکواس پلانی بۆ داناوە.

ئیکواس ئامادەیە هەنگاو بنێت

لە ماوەی دوو رۆژی رابردوودا، سەرۆک ئەرکانی سوپای وڵاتانی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان کۆبوونەوەیەکیان سەبارەت بە ئەگەری دەستێوەردانی سەربازی لە نەیجەر ئەنجامدا.

لە دوای ئەوە، کۆمیساری کاروباری سیاسی، ئاشتی و ئاسایشی ئەو گرووپە، عەبدولفەتاح موسا، پشتراستی کردەوە کە ئەو هێزەی سەر بە رێکخراوەکە “ئامادەیە بۆ دەستوەردان” لە نەیجەر هەر کە سەرکردەکانی وڵاتانی رۆژئاوای ئەفریقا فەرمانی ئەنجامدانی ئەو کارەیان پێدا، روونیشی کردەوە، “ئێمە ئامادەین دەستوەردان بکەین هەر کە فەرمانمان پێگەیشت بۆ ئەو کارە، رۆژی دەستێوەردانەکەش دیاریکراوە”.

سەرۆکەکانی سوپا وردەکارییەکانی ئەگەری دەستێوەردانی سەربازییان خستەروو بۆ گەراندنەوەی محەمەد بازوم، سەرۆکی لەکارلابراوی نەیجەر بۆ دەسەڵات، دوای ئەوەی لە 26ی تەمموزدا لە کودەتایەکی سەربازیدا رووخێنرا،  بەڵام دووپاتیان کردەوە کە ئیکواس پێی باشە رێگای گفتوگۆ بگرێتەبەر.