هەسەدە پێشوازی لە گەمارۆکانی ئەمریکا بۆ سەر کوتلە و سەرکردەکانی چەکدارانی لایەنگری ئەنقەرە لە رۆژئاوای کوردستان دەکات
قامشلۆ – نۆرس پرێس
ڕۆژی هەینی هێزەکانی سوریای دیموکرات پێشوازییان لە سزاکانی ئەمریکا کرد کە بەسەر دوو کوتلە و سەرکردەکانی ئۆپۆزسیۆنی چەکداری لایەنگری ئەنقەرە لە رۆژئاوای کوردستاندا سەپاندووە.
دوێنێ پێنجشەممە، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا سزای بەسەر دوو کوتلەی چەکداری ئۆپۆزسیۆن و سێ سەرکردەی ناو ئەو فراکسیۆنانەدا سەپاند بەهۆی ئەنجامدانی تاوانی قورسی مافی مرۆڤ لە رۆژئاوای کوردستان، هەروەها سزاکان بازرگانێکی ئۆتۆمبێلیشیان گرتەوە کە هاوکاری ئەو چەکدارانەی کردووە.
هەسەدە، لە بەیاننامەیەکدا کە لە ماڵپەڕی فەرمی خۆیدا بڵاویکردووەتەوە، پێشوازی لە ڕێوشوێنە ئەمریکییەکان دەکات بەرامبەر بە کوتلە تیرۆریستییەکانی وەکو حەمزات و عەمشات و سەرکردەکانیان،دەشڵێت، قەناعەتمان بە توانای دامەزراوە ئەمریکییەکان هەیە بۆ باشترکردنی ئامرازەکانی سزادان و لێپێچینەوە لەو گرووپانە.
ئاماژەی بەوەشکرد، ڕاپۆرتی ئەم دواییەی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا ئەو کارە تیرۆریستییە ترسناکانەی ئاشکرا کرد کە لەلایەن ڕێکخراوە تیرۆریستییەکانی پەیوەست بە داگیرکاری تورکیاوە لەو ناوچانەی کە داگیریکردووە لە رۆژئاوای کوردستان، بەتایبەتی لە عەفرینی داگیرکراودا ئەنجامدەدرێن.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو کارانەی کە ئەم کوتلانە پراکتیزەی دەکات تاکەکەسی نین، بەڵکو سیستماتیک و ستراتیژین، بە فەرمانی تورکیا ئەنجامدەدرێن و تاوانباری سەرەکی لەو پراکتیزانەدا تورکیایە.
ئەوەشیان خستووەتەڕوو، دەوڵەتی تورکیا ئەو ناوچەیەی کردووەتە شوێنێکی ئارام بۆ ڕێکخراوە تیرۆریستی و تاوانکارییەکان، بە داعشیشەوە، بەهەموو ڕێگایەکەوە پاڵپشتی جێبەجێکردنی پلانەکانی گۆڕانی دیمۆگرافیا، ئاوارەکردنی زۆرەملێ، ڕفاندن، دەستدرێژی، تاڵانکردن، دەکات.