بەهۆی گرووپی ڤاگنەرەوە وڵاتێك دوو دەروازەی بەڕووی بیلاڕوسیا داخست

هەولێر- نۆرس پرێس

ئەمڕۆ هەینی، پاسەوانانی سنوری لیتوانیا ڕایانگەیاند، دوو لە دەروازە سنورییەكانیان لەگەڵ بیلاڕوسیای دراوسێیان داخستووە، لەبەرامبەر ئەو مەترسیانەی كە لەلایەن گرووپی تایبەتی ڤاگنەری ڕوسییەوە لەسەر وڵاتەكەیان دروستكراون.

لینا لۆرینایت گریگێن، وتەبێژی پاسەوانی سنوری لیتوانیا رایگەیاند، خاڵەكانی دەروازە سنورییەكانی سومسكۆ و تڤێریسیاوس لە نیوەی شەودا داخران، لە ڕۆژدا بەربەستەكان دادەنرێن كە تەلی دڕكاویان لەسەرە.

ئامانجی بڕیارەكەی لیتوانیا بۆ بەرەنگاربونەوەی قاچاخچێتیە، بەو پێیەی چوار خاڵە سنوریەكەی دیكە بە سیستەمی دیاریكردنی تیشكی ئێكس بەستراونەتەوە، بە پێچەوانەی ئەو دوو دەروازەیەی كە ئەمڕۆ هەینی داخران.

لیتوانیا هەوڵدەدات ژمارەی گەشتەكانی نێوان وڵاتەكەی لەگەڵ بیلاڕوسیا سنوردار بكات، لە نیوەی یەكەمی ئەمساڵدا 230 هەزار گەشتی ترانزێت بۆ خەڵكی لیتوانیا لەودیو سنوری لەگەڵ بیلاڕوسیا تۆماركراون.

ئاڵۆزی لە پەیوەندییەكانی نێوان لیتوانیا و بیلاڕوسیا بۆ چەندین ساڵ دەگەڕێتەوە، بەڵام لە دوای هەڵبژاردنە مشتومڕاوییەكانی ساڵی 2020ی سەرۆكایەتی بیلاڕوسیاوە پەیوەندییەكان زیاتر تێكچون.

وڵاتانی دراوسێی بیلاڕوسیا كە سەر بە ناتۆن، بوونی گرووپی ڤاگنەر لە نزیك سنورەكانیان بە هەڕەشەیەكی ڕاستەوخۆ بۆ سەر خۆیان دەزانن، ئەمەش پێویستی بە ڕێوشوێنی زۆر هەبوو لە پێشبینیكردنی هەر ئیستفزازییەكدا.

دوا بەدوای یاخیبونێکی کورت لە حوکمڕانی پوتن لە كۆتایی مانگی حوزەیرانی ئەمساڵ، ئەلێکساندەر لۆکاشینکۆ، سەرۆکی بیلاڕوسیا نێوەندگیری ڤلادمیر پوتن و یڤگێنی پریگۆژین سەرۆکی گروپی ڤاگنەری کرد و بەهۆیەوە کۆتایی بەپێشڕەوی گروپەکە هێنا و لە بەرامبەردا تەواوی تاوانەکانی سەر ئەو گروپە هەڵگیران، پاشانیش ئەندامانی گروپەكە رویان لە بیلاڕوسیا كرد.