ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق ئەنجامدانی هێرشێکی ئاسمانی “کاریگەر”یان دژ بە ئەندامانی “داعش” راگەیاند
هەولێر – نۆرس پرێس
دوێنێ پێنجشەممە، فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق وردەکارییەکانی بە ئامانجگرتنێکی “کاریگەر”ی شوێنی حەوانەوەی ئەندامانی دەوڵەتی ئیسلامی “داعش”یان لە وادی ئەلشای و زیغیتون لەلایەن فڕۆکەکانی F-16ی عێراقییەوە ئاشکرا کرد.
فەرماندەییەکە لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، “هێزە ئاسمانییەکان بە پشتبەستن بە زانیاریی دروستی بەڕێوەبەرایەتی هەواڵگری سەربازی و بە هەماهەنگی لەگەڵ شانەی بەئامانجکردن، هێرشێکی سەرکەوتووی کاریگەری فڕۆکەی F-16یان لە وادی ئەلشای و زغیتون لە چوارچێوەی کەرتی ئۆپەراسیۆنەکانی کەرکوک ئەنجامداوە”.
دوای ئەوەش فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان، هێزێکی ئەمنی ناردووە بۆ پشکنینی شوێنی بەئامانجکراو، بە گوێرەی راگەێنراوەکە.
ئاماژەیان بەوەشکرد، “بەئامانجکردنە کاریگەرەکانی هەڵۆکانمان بوونە هۆی وێرانکردنی شوینێکی نیستەجێ و حەوانەوەی گەورەی داعش، کە بارەگای گەڕۆک و ژێرزەمین و (3) خاڵی تەقەکردنی لەخۆدەگرت”.
جگە لەوەش ئاماژە بەوەکراوە، کە “پیکاپێکی ئەندامانی داعش سوتێنراوە و تەرمی دوو تیرۆریست دۆزراوەتەوە، کە یەکێکیان خۆی تەقاندبووەوە و ئەندامەکانی جەستەی پەرش و بڵاو بوونەتەوە”.
هەر لە راگەێنراوەکەدا هاتووە، “دوو تیرۆریستی دیکە لە ئەنجامی هێرشە ئاسمانییە ڕاستەوخۆکەدا کوژران، ئەمە جگە لە تەقینەوەی 4 پشتینی بۆمبرێژکراو و دۆزینەوەی 3 ئامێری وزەی خۆر و 4 نارنجۆکی دەستی و چەکێکی جۆری M16.
ئاماژەیان بەوەشکردووە، “کۆمەڵێک نامەی دەستنووس لەنێو تیرۆریستاندا دۆزراونەتەوە، هەروەها ئامێری سەربازی، مۆبیلیات، پێداویستی، خۆراک، تانکی ئاو و پەمپەکان دۆزراونەتەوە، جگە لەوەش ئامێری هەڵدانی RPG7ی لەناوبەر دۆزراوەتەوە”.