زیادبوونی حاڵەتەکانی خۆربردن لە رۆژئاوای کوردستان
رەققە/ مەنبیج – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ پێنجشەممە، پزیشکانی نەخۆشخانەکانی رەققە و مەنبیج رایانگەیاند، لە ئەنجامی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما، حاڵەتەکانی خۆربردن لە ماوەی رابردوودا زیادیان کردووە.
هەموو ناوچەکانی سوریا و رۆژئاڤا، بەرزبوونەوەی بەرچاوی پلەکانی گەرما و شەپۆلی گەرمای توندنیان بەخۆوە بینی، کە ساڵانێکە ناوچەکە بەو ئەندازەیەی بەخۆوە نەبینیووە، بە تایبەت کە پلەکانی گەرما لە هەندێک ناوچە گەیشتووەتە 48 پلەی سەدی.
لیژنەی تەندروستی لە مەنبیج و گوندەوارەکانی هۆشداریاندا لە بڵاوبوونەوەی حاڵەتەکانی گەرما و گڕەبردن لەناو دانیشتواندا، دوای ئەوەی رۆژانە زیادبوونی حاڵەتەکە تۆمارکراوە.
عەبدوڵڵا ئەلجاسم، سەرۆکی بەشی ئەمبولانس لە نەخۆشخانەی فورات رایگەیاند، رۆژانە لەنێوان 15 بۆ 20 حاڵەتی گەرمابردن دێنە نەخۆشخانەکە و زۆربەی حاڵەتە تۆمارکراوەکان “نیشانە سوکەکان”ن، و هیچ حاڵەتێکی گیانلەدەستدان تۆمارنەکراو.
ناوبراو بۆ نۆرس پرێس ئاماژەی بەوەشکرد، منداڵان و کەسانی بەساڵاچوو زیاتر تووشی گەرمابردن دەبن، هەروەها زۆربەی ئەو نەخۆشانەی دەگەنە نەخۆشخانەکە لە قۆناغی ساوایدان، هەروەها نەخۆشەکان تووشی “سەرگێژخواردن، سەرئێشەی توند، ماندوێتی گشتی و دابەزینی پەستانی خوێن دەبن”.
لای خۆیەوە، موسەننا ئەلعەلی، پزیشکی منداڵان لە نەخۆشخانەی پسپۆڕی منداڵان لە رەققە رایگەیاند، بەهۆی ئەو شەپۆلە گەرمایەی ئەم دواییەی ناوچەکەی گرتووەتەوە، حاڵەتەکانی گەرمی بردن “دوو هێندە” بوون.
ئاماژەی بەوەشکرد، تەنها لە چوار رۆژی رابردوودا نزیکەی 10حاڵەتیان لە هەر رۆژێکدا وەرگرتووە، وەک ژمارەیەکی تێکڕایی.
ئەو پزیشکە دەڵێت: دوای هاتنی نەخۆشەکان، لە بەشی فریاکەوتن پشکنینی کلینیکی بۆ دەکرێت، دواتر چارەسەری بۆ دەنووسرێت”.
ئاماژەی بەوەشکرد، “ئەو نیشانانەی کە لەم ماوەیەی دواییدا دەستنیشان کراون بریتین لە “نەبوونی ئارەزووی خواردن، بێهێزی، بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی، سکچوونی توند، ئازاری سک و گەدە و وشک بوونەوە”.
پزیشکەکە هۆشداری داوە لە بەرکەوتنی راستەوخۆ بە تیشکی خۆر بۆ ماوەیەکی زۆر، هەروەها رێگری لە چوونە دەرەوەی منداڵان دەکات لە نێوان کاتژمێر 11ی بەیانی تا 4ی ئێوارە.
پزیشکەکە دەشڵێ، دەبێت لەم ماوەدا بڕێکی زۆر شلەمەنی بخورێتەوە، هەروەها پێوانی پلەی گەرمای منداڵان، لە ئەگەری بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی جەستەیان.