
کوژرانی ئەمیرێکی “داعش” لە ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشی دژتیرۆری رۆژئاڤا و دژەتیرۆری هەرێمی کوردستاندا لە رەققە
رەققە – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ پێنجشەممە، یەکینەکانی دژەتیرۆری (YAT) سەر بە هێزەکانی سوریای دیموکرات لە رۆژئاوای کوردستان، کوژرانی سەرکردەیەکی رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش)یان لە رەققە راگەیاند، لە میانی هەڵمەتێکدا کە لە شوێنی نیشتەجێبوونی ئەو ئەمیرەی داعش ئەنجامیانداوە.
ناوەندی راگەیاندنی “هەسەدە” لە راگەێنراوێکدا ئەوەی خستووەتەڕوو، کە یەکینەکانی دژەتیرۆر (YAT)، بە بەشداری هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و دەزگای دژە تیرۆر لە هەرێمی کوردستان (CTG)، “ئۆپەراسیۆنێکی ئەمنی مەحکەم و تایبەتیان لە ناوەندی شاری رەققە ئەنجامداوە”.
لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژەی بەوەشکردووە، جێبەجێکردنی ئۆپەراسیۆنەکە “دوای چاودێریکردنی ورد و بەردەوامی ئامانجەکە” بووە، توانیویەتی بە پشتیوانی و کۆنترۆڵی ئاسمانی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، هێرش بکەنە سەر ئەو باڵەخانەی سەرکردەکەی داعشی تێدا بووە.
ناوەندی راگەیاندنی “هەسەدە” بڵاویکردەوە، کە لە ئۆپەراسیۆنەکە سەرکردەیەکی داعشیان کردۆتە ئامانج، کە “هەسەدە” بە سەرکردەیەکی”پلەبەرز”ی رێکخراوی “داعش” ناوزەدی کردووە.
ئەوەش خراوەتەڕوو، لە میانی ئۆپەراسیۆنەکەدا، ئامانجەکە “دەستیکردووە بە تەقەکردن لە ئەندامانی یەکەکانمان و یەکەکانی ئێمەش ناچار بوون بە هەمان شێوە مامەڵەی لەگەڵیدا بکەن، ئەمەش بووە هۆی کوژرانی”.
“هەسەدە” رایگەیاندووە کە سەرکردەکەی داعش ناوی “ئیبراهیم ئەلعەلی”یە و نازناوی “ئەبی موجاهید”ە و بەرپرسی گشتیە “ئەمیر” لە ناوچەکانی رۆژهەڵات سوریا.