پشتگیری لە هۆزی “ئەلبەکارە”وە لە دێرەزوور بۆ پشتیوانیکردنی هۆزی جبوور لە حەسەکە
حەسەکە – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ چوارشەممە، پشتگیری لە هۆزی “ئەلبەکارە”وە لە دێرەزوورەوە گەیشتنە هۆزی جبوور لە حەسەکە، بۆ پشتیوانیکردنیان دژ بە میلیشیای “دیفاع وەتەنی” سەر بە حکومەتی سوریا.
چەند ئۆتۆمبیلێکی هۆزی “ئەلبەکارە” گەیشتنە ئەو خێوەتەی کە لە بەردەم ماڵی شێخ عەبدولعەزیز ئەلمەسڵەت، سەرۆکی هۆزی جبوور، لە گەڕەکی “تل حەجەر” لە ناوەندی شاری حەسەکە دانراوە.
محەممەد حەمید ئەلبەشیر، سەرۆکی هێزی ئەلبەکارە، بە نۆرس پرێسی راگەیاند، ئەگەر پێویست بکات لەگەڵ براکانیان لە هۆزی جبوور شەڕ دەکەن و گوتیشی “چارەنووسی ئێمە و چارەنووسی عەشیرەتی جبوور یەکن، هەر هێرشێک بۆ سەر هەر کەسێک یان هێمایەکە هۆزەکان، هێرشکردنە بۆ سەر هەموومان”.
لە لێدوانێکی پێشوودا، شێخی عەشیرەتی جبوور، عەبدولعەزیز ئەلموسڵەت، بە نۆرس پرێسی راگەیاندبوو، تا سەرلەبەیانی ئەمڕۆ مۆڵەتیان بە حکومەتی سوریا داوە بۆ ئەوەی میلیشیای “دیفاع وەتەنی” هەڵبوەشێنێتەوە و بە تەواوی لە حەسەکە دووریان بخاتەوە.