ئێران بەناو خاکی عێراقدا پشتیوانی سەربازی بۆ هێزەکانی لە سوریا دەنێرێت

دێرەزوور – نۆرس پرێس

دوێنێ سێشەممە، سوپای پاسدارانی ئێران بە ناو خاکی عێڕاقدا و لەوێشەوە بۆ سوریا، پشتیوانی سەربازیی هێنا بۆ بەهێزکردنی پێگە و بارەگاکانی لە دێرەزوور، لە ناوەڕاستی سوریا.

سەرچاوەیەکی سەربازی لە سوپای پاسدارانی ئێران لە شارۆچکەی بوکەمال، لە گوندەواری رۆژهەڵاتی دێرەزوور رایگەیاند کە لەمدووایانەدا حزبوڵای لوبنان پشتیوانی سەربازیی هێناوەتە پێگەکانیان لە دێرەزوور و گوندەواری رۆژهەڵاتی حومس .

ئەو سەرچاوەیە بە نۆرس پرێس راگەیاند: “ئەو پشتیوانیانە بریتین لە چەکی مامناوەندی پێشکەوتوو، مووشەکی شان، ئامێری چاودێری و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، کە بەسەر زۆربەی خاڵەکانی سوپای پاسدارانی ئێران و حزبوڵای لوبناندا دابەشکراون و لە دێرەزوور و گوندەواری رۆژهەڵاتی حومس جێگیرکراون”.

ئاشکراشی کرد، ئەو چەکانە چەند رۆژێک لەمەوبەر لە رێگەی خاکی عێراقەوە هاتوونەتە ژوورەوە، بەسەر پێگەکاندا دابەش نەکران تا دوای کۆبوونەوەیەک کە دوو رۆژ لەمەوبەر لە نێوان سەرکردەکانی حزبوڵای لوبنان و سوپای پاسدارانی ئێراندا، لە گەڕەکی تەمۆ لە ئەلمەیادین ئەنجامدرا، لە رۆژهەڵاتی دێرەزوور.

بەپێی ئەو سەرچاوەیە، سوپای پاسداران کەسانی پسپۆڕی بۆ سەرپەرشتیکردنی دابەشکردنی چەک بۆ خاڵەکان و مەشقپێکردنی سەربازەکان بۆ بەکارهێنانیانیان، داناوە.

ئامادەکردنی: ماهیر مستەفا – داڕشتنەوەی: ئەحمەد عوسمان