دوای پابەند نەبوون بە ڕێککەوتنەکە، عەشیرەتی جبور جارێکی دیکە کۆدەبنەوە بۆ هێرشکردنە سەر گۆڕەپانی ئەمنی حەسەکە
حەسەکە – نۆرس پرێس
رۆژی سێشەممە، رەوشی ئەمنی شاری حەسەکە تێکچوو،بەهۆی پابەند نەبونی حکومەت بەو ڕێکەوتنەی کە لەگەڵ عەشیرەتی جبوردا کردبوو، هەر بەو هۆیەشەوە عەشیرەتی جبوری چەکداری عەشیرەتەکەیان کۆکردەوە بۆ هێرشکردنە سەر گۆڕەپانی ئەمنی شارەکە.
شایەتحاڵانی شارەکە بە نۆرس پرێسیان ڕاگەیاندووە، نیوەڕۆی ئەمڕۆ ئەندامانی نوێی هۆزەکە لە شار و گوندەکانی باشووری حەسەکە گەیشتنە ناو شار، وەک ئامادەکارییەک بۆ هێرشکردنە سەر گۆڕەپانی ئەمنی.
سەرچاوە ناوخۆییەکان بە نۆرس پرێسیان ڕاگەیاندووە، هۆکاری سەرهەڵدانەوەی گرژییەکان بۆ جێبەجێنەکردنی بەڵێنەکانی حکومەتی دیمەشق بۆ دەرکردنی فەرماندەی هێزەکانی پاراستنی نیشتمانی، عەبدولقادر حەمۆ، یان ڕادەستکردنی بە عەشیرەتەکە دەگەڕێتەوە.
سەڕچاوەکە رونیکردەوە ، کە ئێوارەی ئەمڕۆ عەشیرەتی جبوری ماوەیەکیان بەهێزەکانی حکومەتی دیمەشق داوە بۆ جێبەجێنەکردنی ئەو ڕێکەوتنەی کەلەسەری رێکەوتبوون ، ئەویش گواستنەوەی عەبدولقادر حەمۆیە لە حەسەکە، هەرلەبەر ئەمەش تا ئێستا گەمارۆی گۆڕەپانی ئەمنی شارەکە دراوە و تەقەش دەکرێت.
هەروەها سەرچاوەکە ئاماژەی بەوە کردوە کە پێکدادان و تەقە لە نێوان چەکدارانی عەشیرەتی جبور و هێزەکانی پاراستنی نیشتیمانی لە نزیک تل حەجەر ڕوویداوە و هەواڵی برینداربوونیش هەیە.
تا ئێستاش کۆکردنەوەی ئەندامانی هۆزەکە لە شارۆچکەکانی تل براک و ئەلشەدادی و گوندەکانی ئەو هۆزە لە قامشلۆ و حەسەکە بەردەوامە، بۆ بەهێزکردنی ڕیزەکانیان لە ئەگەری ڕوودانی پێکدادانی توند.