دادگا وادەی 10 رۆژ دەداتە ترەمپ خۆی رادەستبکات

هەولێر- نۆرس پرێس

دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی پێشوی ئەمریکا وادەی 10 رۆژی پێدراوە تاوەکو خۆی رادەستبکات و لە بەردەم دادگاکانی ویلایەتی جۆرجیا ئامادە بێت، بە تۆمەتی گەندەڵییەکانی کە لە میانەی هەڵمەتەکانی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ساڵی 2020دا ئەنجامیداون، ئەگەرنا دەستبەسەر دەکرێت و “پەلکێشی دادگا دەکرێت.

بەپێی ئاژانسی فرانس پرێس، دەستەی باڵای دادوەران لە ئەتڵەنتای پایتەختی ویلایەتی جۆرجیای ئەمریکا، ترەمپ و 18 بەرپرسی دیکەی تۆمەتبار کرد بە هەوڵی هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ساڵی 2020 لەو ویلایەتەدا، بەتایبەتی بە فشارخستنە سەر بەرپرسانی هەڵبژاردنەکە، ئەمەش چوارەم تۆمەتبارکردنی سەرۆکی پێشوی کۆمارییەکانە کە هەوڵدەدات لە ساڵی 2024دا خۆی بۆ سەرۆكایەتی کۆشکی سپی کاندید بکات.

لەو بارەیەوە، رۆژنامەی واشنتن پۆست بڵاویكردەوە، ترەمپ درەنگانی دوێنێ دوشەممە، بە 13 تۆمەتی نوێ تۆمەتبار کرا، لەوانە بەرتیلدان بە ئەفسەرێکی گشتی بۆ پێشێلکردنی سوێندەکەی، پیلانگێڕی بۆ دەنگدانی ساختە لە بری بەرپرسێکی گشتی دیاریکراو، پیلانگێڕی بۆ ئەنجامدانی ساختەکاری لە پلەی یەکەم و پێشکەشکردنی بەڵگەنامەی ساختە.

رۆژنامەکە باسی لەوەشكردووە، ئەمە چوارەمین جارە دۆناڵد ترەمپ بە ئەنجامدانی گەندەڵی تۆمەتبار بکرێت، هاوکات 18 کەسی دیکەش لەم تۆمەتانەی ئەمجارەی ترەمپدا تێوەگلاون، ئەوەش بەو مانایە دێت بە گشتی 41 تۆمەت لە دژی 19 تۆمەتبار لە لیستێکی تۆمەتی 89 لاپەڕەییدا، لە دادگا خراونەتەروو.

ئەگەرچی تۆمەتە نوێیەکان پاش لێکۆڵینەوەیەکی دوو ساڵە و نیو هاتون کە لەلایەن فانی ویلیس، داواکاریی گشتی بەرپرس لە دۆسییەکەی ترەمپ ئەنجامدراوە، لەو بارەیەوە، فانی ویلیس رایگەیاندوە، دەیەوێت دادگاییکردنەکە لەم دۆسیەیەدا لە ماوەی شەش مانگدا، ئەنجام بدرێت.

واشنتن پۆست ئاشکراشیکرد، لێکۆڵینەوەکە دوای دزەپێکردنی پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە مانگی کانونی دووەمی ساڵی 2021 دەستیپێکرد، لەو ماوەیەدا ترەمپ داوای لە براد راڤێنسبێرگێر وەزیری کاروباری دەرەوەی جۆرجیا کرد کە هەوڵی هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنی دەنگی هەزاران هاوڵاتی بدات، بەتایبەتی لە ئەتڵەنتا کە ناوچەیەکی پڕ دانیشتوانی بەناوبانگی پارتی دیموکراتی ئەمریکایە.