تورکیا 180 پەنابەری سوریا بۆ ناوچەکانی بەرەی نوسرە

ئیدلب – نۆرس پرێس

هێزەکانی تورکیا زیاتر لە 180 پەنابەری سوریی لە تورکیاوە لە رێگەی دەروازەکانی باب ئەلهەوا و گرێ سپیەوە بۆ ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی ئۆپۆزسیۆنی سوریا دیپۆرتکرد.

سەرچاوەیەکی تایبەت بە نۆرس پرێسی راگەیاند، “هێزەکانی تورکیا، ئەمڕۆ یەکشەممە، 13\8\2023، لە ڕێگەی دەروازەی گرێ سپیەوە، لە باکوری رەقە، نزیکەی 55 پەنابەری سوریا ڕادەستی پۆلیسی سەربازی سەر بە ئۆپۆزسیۆنی سوریا کرد، کە 8 ژن و منداڵیان لە نێویاندا هەبوو”.

ئاماژەی بەوەشکرد، هەروەها 125 پەنابەری سوریای بۆ ئیدلب ڕاگواستووە کە لەژێر کۆنترۆڵی بەرەی نوسرەدایە، لەنێویاندا 29 ژن و منداڵ هەبوو.

سەرچاوەکان ئاماژەیان بۆ ئەوە کردووە، پێش ئەوەی دیپۆرتبکرێن سەرجەم بەڵگەنامەکانیان تۆمارکراون و پەنجەمۆری دەستییان وەرگیراوە بۆ ڕێگریکردن لە گەڕانەوەیان بۆ نێو خاکی تورکیا، بەشێک لە خێزانەکانی دیۆپرتکراوەکان، تاوەکو ئێستاش نازانن کە کەسوکارەکانیان دیپۆرتکراون.