میدیاکانی تورکیا: ئەردۆغان میکانیزمێکی گرتۆتەبەر بۆ لکاندنی حەڵەب بە “نەخشە رێگا”وە
دیمەشق – نۆرس پرێس
دوێنێ یەکشەممە، میدیاکانی تورکیا رایانگەیاند، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا میکانیزمێکی سێ قۆڵی گرتۆتەبەر بۆ لکاندنی حەڵەب بە “نەخشە رێگا”وە و گێڕانەوەی سەدان هەزار پەنابەری سوریا بۆی.
میدیاکان لەزاری رۆژنامەی “سەباح”ی نزیک لە حکومەتی تورکیاوە، بڵاویان کردەوە کە ئەردۆغان رێنمایی دەرکردووە بۆ پێکهێنانی میکانیزمێکی سێ قۆڵی، بۆ هاندانی گێڕانەوەی پەنابەرانی سوریا لە تورکیا بۆ وڵاتەکەیان.
ماڵپەڕی “تورکیای ئێستا” لە زاری رۆژنامەکەوە ئاماژەی بەوە کردووە، میکانیزمێکی سێ قۆڵی لە نێوان وەزارەتی ناوخۆ و پارتی داد و گەشەپێدان و بلۆکی پەرلەمانی ئەو وڵاتەدا، بۆ ئەو مەبەستە پێک هاتووە.
ماڵپەڕەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، بەپێی نەخشەڕێگای میکانیزمی سێ قۆڵی، پلان هەیە ژیانی ئابووری و بازرگانی لە باکووری سوریا زیندووبکرێتەوە، هەروەها رێگە بە بازرگانان بدرێت، لەنێویاندا تورکەکان، توانا و کارگەکانیان لەوێ بکەنەوە، بۆ ئەوەی هەلی کار بڕەخسێنن، بەمەبەستی دەستەبەرکردنی مەرجەکانی گەڕانەوەی سەدان هەزار پەنابەری سوری بۆ وڵاتەکەیان.
ئاماژەی بەوەشکرد، “یەکێک لە لایەنە گرنگەکانی ئەم نەخشە رێگایە دانانی حەڵەبی پایتەختی ئابووری سوریایە بە دڵی ئەم پلانە، بە زیندووکردنەوەی لە رووی کۆمەڵایەتی و بازرگانییەوە”.
ماڵپەڕەکە جەختی لەوە کردووەتەوە کە “تورکیا بەردەوامە لە دانوستانەکانی لەگەڵ لایەنی رووسیا و سوریا بۆ ئەوەی حەڵەب بخاتە نێو نەخشەڕێگاکەیەوە، لە هەنگاوێکدا کە ئامانج لێی رەخساندنی هەلی کارە بۆ سەدان هەزار پەنابەری سووریا لە تورکیا”.
ساڵانێک لەمەوبەر تورکیا ناوچەکانی رۆژئاوای کوردستان و رۆژئاوای سوریای لە رێگەی سێ ئۆپەراسیۆنی سەربازیەوە، بە ناوەکانی “قەڵغانی فورات، چڵە زەیتون و کانی ئاشتی” وەک تورکیا ناوی لێنابوو، کۆنترۆڵی چەند ناوچەیەکی رۆژئاوای کوردستان و رۆژئاوای سوریای گرتەدەست.
بەپێی زۆرێک لە راپۆرتە نێودەوڵەتی و ناوخۆییەکان، لەو ناوچانەی کە تورکیا کۆنتڕۆڵی کردوون، بە ئەنقەست گۆڕانکاری لە دیمۆگرافی دەکات و ئاوارە سورییەکانی ناوچەکانی دیکە، کە لە نەتەوەکانی عەرەب و تورکمانن لەو ناوچانە نیشتەجێ دەکات، بە ئامانجی دەرکردنی دانیشتوانە رەسەنەکەی کە کوردن.
تورکیا لە زۆر بۆنەدا بە ئاشکرا رایانگەیاندووە کە دژ بە دامەزراندنی هەر ئیدارەیەکی لامەرکەزی لە ناوچەکانی باکووری رۆژهەڵاتی سوریا کاردەکات و دەشڵێت ئەم ناوچەیە سەرچاوەی مەترسییە بۆ سەر سنوورەکانی باشووری وڵاتەکەی، وەک خۆیان بانگەشەی بۆ دەکەن.