مەسرور بارزانی لەگەڵ شاندێکی هاوپەیمانان لە عێراق و سوریا کۆبووەوە
هەولێر– نۆرس پرێس
دوێنێ یەکشەممە، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە شاندێکی باڵای فەرماندەیی گشتيى هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق و سوریا کرد، کە لە جەنەرال ماتیۆ ماکفەرلین و جەنەرال جۆول ڤاول، فەرماندەی گشتیی پێشوو و نوێی هاوپەیمانان پێکهاتبوون.
حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە کۆبوونەوەکەدا مەسرور بارزانی، سوپاسی جەنەرال “ماکفەرلین”ی کردووە بۆ هەوڵ و خزمەتەکانی لە ماوەی کارکردنیدا و هیوای سەرکەوتنیشی لە ئەرکی داهاتوویدا بۆ خواستووە.

لە راگەێنراوەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستاند هاتووە، کە “سەرۆکوەزیران پیرۆزبایی دەستبەکاربوونی لە جەنەرال ڤاول کردووە، هەموو هاریکاری و پشتیوانییەکی حکومەتی هەرێمی کوردستانی لەپێناو سەرخستنی ئەرکەکەی بۆ دەربڕیووە”.
هەروەها ئەوەش خراوەتەڕوو، کە مەسرور بارزانی و شاندەکەی هاوپەیمانان پرۆسەی چاکسازی وەزارەتی پێشمەرگە و نەهێشتنی کێشە و بەربەستەکانیان لەبەردەم یەکخستنی هێزەکانی پێشمەرگە و نەهێشتنی هەموو جۆرە دەستوەردانێکی حیزبی لە وەزارەتی پێشمەرگەدا تاوتوێ کردووە.
ئەمە جگە لەوەی بە گوێرەی راگەێنراوەکە، بارودۆخی گشتیی عێراق و پەرەسەندنەکانی رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکانی داعش لە عێراق و سوریا، بەشێکی دیکەی گفتوگۆکانی کۆبوونەوەکە بووە.