لە قامشلۆ چەند چالاکیی و شانۆگەریەک بۆ منداڵان ئەنجامدرا
قامشلۆ – نۆرس پرێس
دوێنێ شەممە، نمایشی شانۆیی چیرۆکی منداڵان لە قامشلۆی رۆژئاوای کوردستان، لە چوارچێوەی پڕۆژەی “رۆژانی شانۆی منداڵان” بەڕێوەچوو.
بزووتنەوەی مانگی زێڕین و لیژنەی شلێر بۆ بەدواداچوونی ماف و کاروباری منداڵان و دەسەڵاتی رۆشنبیری، بۆنەیەکیان رێکخست، کە نمایشی شانۆیی بۆ منداڵانی لەخۆگرتبوو، لەسەر شانۆی “محەمەد شێخۆ” کە نزیکەی 200 منداڵ بەشدارییان تێدا کرد.
جولیا خەلۆ، گوتەبێژی لیژنەی شلێر بۆ بەدواداچوونی ماف و کاروباری منداڵان لە رۆژئاوای کوردستان بە نۆرس پرێسی راگەیاند، کە “فێستیڤاڵەکە لە چەند ناوچەیەکی بەڕێوبەری خۆسەری نمایش دەکرێت، وەک قامشلۆ، شەهبا، کۆبانێ، حەسەکە، دێریک، رمێلان، مەعشوق، کامپی واشۆکانی”.
بە گوتەی جولیا، فێستیڤاڵەکە نمایشی شانۆیی و چیرۆک و داستان و گێڕانەوەکانی پەیوەست بە منداڵی لەخۆدەگرێت، ئەمە جگە لە پێشکەشکردنی نمایشی موزیک، بە سەرپەرشتی 12 مامۆستا، بۆ راهێنانی منداڵان لە چوارچێوەی ئەم فێستیڤاڵەدا.
ئاماژەی بەوەشکردووە: “ئامانج لە ئەنجامدانی ئەم فێستیڤاڵە زیندووکردنەوەی رۆڵی زیاتری شانۆیە لەناو کۆمەڵگادا، بەتایبەتی لەناو منداڵاندا”.
ئامادەکردنی: نالین عەلی – داڕشتنەوەی: ئەحمەد عوسمان