ساڵەح موسلیم: دەوڵەتی تورکیا دەیەوێت لە باکوور و رۆژهەڵاتى سوریا دەوڵەتێک بۆ تورکمانەکان دروست بکات

هەولێر– نۆرس پرێس

دوێنێ شەممە، ساڵح موسلیم  هاوسەرۆکی پەیەدە لە چاوپێکەوتنێکدا لەسەر لێدوانەکانی بەشار ئەسەد، لەگەڵ سکای نیوزی عەرەبی رایگەیاند، لێدوانەکانی بەشار ئەسەد بەس نین بۆ دەرکردنی هێزەکانى دەوڵەتى تورکیا لە خاکی سوریا، بەڵکو تەنها بە یەکڕیزی و خەباتی هاوبەش دەتوانرێ تورکیا لەو وڵاتە دەربکرێت، راشیگەیاند: “دەوڵەتی تورکیا دەیەوێت لە باکوور و رۆژهەڵاتى سوریا دەوڵەتێک بۆ تورکمانەکان دروست بکات”.

موسلیم جەختیکردەوە، ئەو قسانەی بەشار ئەسەد بەس نین بۆ کردنە دەرەوەی “سوپای داگیرکەری دەوڵەتی تورک له ناوچەکانی سوریا و باکووری رۆژهەڵاتى سوریا”، چونکە حکومەتی دیمەشق هیچ دەسەڵات و توانایەکی بڕیاردانی نییه.

گوتیشی: “زلهێزه باڵادەستەکان بەڕوونی ململانێکانی سەر خاکی سوریا دەبینن، بۆیە وا دەردەکەوێت کە ئەوان لەسەر دەرکردنی دەوڵەتى تورکیا لە سوریا رێکنەکەوتبێتن، چونکە ئێران بەرژەوەندی لەگەڵ دەوڵەتى تورکیا هەیە، هەر بۆیەش لە ئێستادا پشتگیری لە پرسی دەرچوونی دەوڵەتى تورکیا ناکات، لە کاتێکدا رووسیا دەیەوێت پلانەکانی لەگەڵ تورکیا جێبەجێ بکات، هاوپەیمانی نێودەوڵەتیش نایەوێت تورکیای هاوپەیمانیی کە ئەندامی ناتۆیە نیگەران بکات”.ساڵح موسلیم جەختیشی لەسەر بێتوانایی حکومەتی دیمەشق کردەوە و رایگەیاند، “حکومەتی سوریا بڕیارەکانی لە دەستی خۆیدا نییە و ناتوانێت هەنگاوێکی سەربەخۆیانە بنێت”.

لە درێژەی چاوپێکەوتنەکەشدا ساڵەح موسلیم روونیکردەوە، کە ئەوان چاوەڕێی ئەوە ناکەن دیمەشق هیچ هەنگاوێکی پراکتیکیانە بنێت بۆ دەرکردنی سوپای دەوڵەتی تورکیا، هاوکات لە “دیداری سوچی” رێککەوتبوون لەسەر ئەوەی تورکیا و میلیشیا دڵسۆزەکانی رێگای M4/M5 بکەنەوە، بەڵام تا ئێستا ئەوە نەکراوە.گوتیشی، “تا ئێستاش دەوڵەتى تورکیا و میلیشیا دڵسۆزەکانی مەرجەکانی خۆیان دەسەپێنن، بۆیە دەرکردنیان لە خاکی سووریادا ئەستەمە”.

ساڵح موسلیم باسی لەوەشکرد، کە دەوڵەتی تورکیا هیچ نیازێکی نییە لە خاکی سوریا بکشێتەوە، بە پێچەوانەوە هەوڵ دەدات بۆ داگیرکردنی ناوچەی نوێ و گوتی: “ئێستا نەخشەیەکی دیکە بۆ تورکمانەکان دەکێشرێت، واتە دەگەڕێن بۆ دامەزراندنی دەوڵەتێک بۆ تورکمانەکان لە باکووری سوریادا”.

هاوسەرۆکی پارتی یەکێتی دیموکرات ئەوەی خستەڕوو کە “ناوچە داگیرکراوەکان بوونەتە قەڵایەکی بەهێزی بەکرێگیراوان و تورکیاش تیرۆر وەک کارتی رەشبگیری دژ بە جیهان بەکاردەهێنێت، بە جۆرێک کە دەرکردنی دەوڵەتى تورک لە ناوچەکانی سوریادا بەدی نایەت، تا ئەو پرسە بە جددی چارەسەر نەکرێت؛ مەسەلەکە ئاڵۆزە، تەنها بە یەکڕیزی و خەباتی پێکەوەییمان دەتوانین تورکیا وەدەربنێین”.