هەولێر- نۆرس پرێس
بەهۆی گومان لە بوونی بۆمبێکی چێندراو بورجی ئێڤڵی ناوەڕاستی شاری پاریسی فەرەنسی بە رووی گەشتیاراندا داخرا و پۆلیس و هێزی ئەمنی بە دەوری بورجەکەدا بڵاوەیان پێکراوە و تیمی پوچەڵکردنەوەی بۆمب دەستیان بە پشکنین کردووە.
پۆلیسی فەرەنسا رایگەیاند، بورجی ئێڤڵی پاریس بەرووی گەشتیاراندا داخراوە و کەمێک بەر لە ئێستا بەهۆی گومان لە بوونی بۆمبی چێندراو چۆڵکراوە.
لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا ئاگاداری ئەمنی بڵاوکرایەوە و سێ نهۆمی بورجی ئێڤڵی ناوەڕاستی شارەکە چۆڵکرا کە یەکێکە لە ناوەندە گەشتیارییە دیارەکانی فەرەنسا و ساڵانە زیاتر لە سێ ملیۆن گەشتیار سەردانی دەکەن.
دەستەی کارگێری بورجەکە رایگەیاند، شارەزایانی پوچەڵکردنەوەی بۆمب نهۆم و رێستۆرانتی بورجەکە دەپشکنن و دەشڵێن، تەنها لە چەند حاڵەتێکی دەگمەندا پشكنینی ئەمنی بۆ بورجی ئێڤڵ کراوە.
سێ نهۆمی بورجەکە بەرووی گەشتیاران چۆڵکران و پۆلیس و هێزی ئەمنی پاریس لە گۆڕەپانی دەوربەری بورجەکە بڵاوەیان پێکراوە.
بورجی ئێڤڵ بورجێکە دەکەوێتە ناوەڕاستی شاری پاریس و لە ساڵی 1889 بنیادنراوە لە ماوەی ئەمساڵدا دوو ملیۆن کەس سەردانیان کردووە.