هەولێر- نۆرس پرێس
بەلەمێکی کۆچبەران لە نۆکەندی ئینگلیز لە نێوان فەرەنسا و بەریتانیا ژێرئاو کەوت و بەهۆیەوە شەش کۆچبەر گیانیان لەدەستدا.
رۆژی شەممە، هێزی دەریاوانی فەرەنسا بڵاویکردەوە، بەلەمەکە دەیان کۆچبەری تێدا بووە و لە فەرەنساوە بەرەو بەریتانیا بەڕێکەوتووە.
ئاماژەی بەوەشکرد، تیمەکانی فریاگوزاری توانیویانە 54 کۆچبەر رزگاربکەن و ژمارەیەک کۆچبەریش بێسەروشوێن بوون.
لە هەڵمەتی رزگارکردنی کۆچبەرەکاندا پێنج کەشتی و هێلیکۆپتەرێکی فەرەنسی و دوو کەشتیی بەریتانی بەشدارییان کردووە.
هێزی دەریاوانی فەرەنسا رایگەیاند، هۆکاری ژێرئاوکەوتنی بەلەمەکە خراپی کەشوهەوا و بەرزیی شەپۆلەکانی ئاو بووە.
نۆکەندی ئینگلیز رێڕەوێکی ئاوییە لەنێوان فەرەنسا و بەریتانیا و یەکێکە لە قەرەباڵخترین رێگەکانی کۆچبەران.
بە گوێرەی ئاماری حکومەتی بەریتانیا، لە ساڵی 2018ەوە زیاتر لە 100 هەزار کۆچبەر لە رێگەی نۆکەندی ئینگلیزەوە گەیشتوونەتە بەریتانیا.