67 کەس بەهۆی ئاگرەکەی هاوایی گیانیانلەدەستداوە

هەولێر – نۆرس پرێس

لە شارۆچکەی هاینای رۆژئاوای دوورگەی هاوایی ئەمریکا، خانوو لەدوای خانوو، باڵەخانە لەدوای باڵەخانە دەبنە خۆڵەمێش.

بەهۆى ئەم ئاگرەوە تا ئێستا 67 کەس گیانى لەدەستداوە و سەدانى دیکە بریندارن، بەرپرسانی هاوایی هەوڵدەدەن بزانن، چۆن بڵێسەی ئاگرەکە بەو خێراییە بڵاودەبێتەوە.

زۆرترین زیان بە دارستانى دوورگەکە کەوتووە، بەشێوەیەک 80% ى سوتاوە، ئاگری دارستانەکانی هاوایی، بە کوشندەترین کارەساتی سرووشتیی ئەو دوورگەیە دادەنرێت لەدوای تسونامییەکەی ساڵی 1960، کە بووە هۆی گیانلەدەستدانی 61 کەس.

جگە لە هەوڵەکان بۆ کوژاندنەوەى ئاگرەکە، بەشێک لە دەزگاپەیوەندیدارەکان، سەرقاڵى ئەوەن، بزانن بۆچى هاوڵاتیانى ئەو دوورگەیە ئاگادارى ئاگرەکە نەبوون و بەهۆیەوە ئەو ژمارەزۆرە گیانیانلەدەستداوە.

ئاگرەکە لە رۆژى 9ـی ئاب دەستیپێکردووە، تاوەکو ئێستا بەردەوامە، جگە لە گیانلەدەستدانى ئەو ژمارە لە هاوڵاتیان، نزیکەی هەزار کەسی دیكە بێسەروشوێنن، نزیکەی 12 هەزار کەسیش ناچار بە جێهێشتنى ماڵ و حاڵیانبوونە.

ئاگرەکە تاوەکو ئێستا زیاتر لە پێنج هەزار و 500 هێکتار زەوی سووتاندووە کە 80٪ـ ی ناوچەی گەشتیاریی هاوایە، زیانی بە هەزار و 700 باڵەخانەش گەیاندووە هەروەها زیاتر لە 11 هەزار کەس بێکارەبابوونە.

بەرپرسانی کەشناسیی ئەمریکا دەڵێن، بەرزبوونەوەی پلەی گەرما لەگەڵ رەشەبایەکی تووند، لەباشووی دوورگەی هاوایەوە، هۆکاری سەرەکیی هەڵگیرسانی ئەو ئاگرە گەورەیەیە.