رووسیا لە دامودەزگا فەرمییەکاندا “ئایفۆن” قەدەغەدەکات و “ئاورۆرا” دەکات بە جێگرەوە
هەولێر – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ هەینی رۆژنامەی “ئیزڤێستیا”ی رووسی رایگەیاند کە بەرپرسانی رووسیا دەستیان کردووە بە وەرگرتنی مۆبایلە زیرەکەکان کە سیستەمی کارپێکردنی ناوخۆیی “ئاورۆرا”ی تێدا بەکاردێت.
رۆژنامەکە لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە رایگەیاندووە، ئەگەری زۆرە یەکەم بەکارهێنەری ئامێرەکان سیناتۆر و یاریدەدەرەکانیان و کۆمەڵێک کارمەندی ئەنجومەنی فیدراسیۆنی ئەو وڵاتە بن.
ئاماژەیان بەوەشکرد، دەیان لەو ئامێرانە رادەستی ئەنجومەنی فیدراسیۆن کراون، جگە لەوەش چەند براندێکی رووسی لە تاقیکردنەوەدان بۆ بەکارهێنان.
لەلایەکی دیکەوە، چەند رێکخراو و بەڕێوەبەرایەتییەکی حکومەتی رووسیا لەم دواییانەدا هەندێک دەستکارییان سەبارەت بە رێگەپێدانی بەکارهێنانی ئایفۆن بۆ مەبەستی کارکردن ئەنجامداوە و لە چەند حاڵەتێکیشدا قەدەغە کراوە. بەهەمان شێوەش لە وەزارەتی پیشەسازی و بازرگانیدا بەکارهێنانی ئایفۆن قەدەغە کراوە.
هەروەها وەزارەتی گەشەپێدانی دیجیتاڵی رووسیا بەنیازە لە ئایندەیەکی نزیکدا فەرمانێک دەربکات کە بەکارهێنانی ئایفۆن لە فەرمانبەران بۆ مەبەستی فەرمی قەدەغە بکات.