هەولێر – نۆرس پرێس
سەرلەئێوارەی دوێنێ، رێکخراوی تەندروستی جیھانی بڵاوبوونەوەی جۆرێکی نوێی ڤایرۆسی کۆرۆنای رایگەیاند، دەشڵێت “بە خێرایی لە جیھاندا بڵاوبووەتەوە و سەدان ھەزار کەس تووشی بوون”.
لە راگەێنراوەکەدا، رێکخراوی تەندروستی جیھانی دەڵێ، گۆڕاوە نوێکەی کۆرۆنا ناوی ( ئی جی 5)ی لێنراوە کە جۆرێکە لە گۆڕاوی ئۆمیکرۆن و بڵاوبوونەوەی لە جیھاندا زیادیکردووە بە تایبەت لە بەریتانیا و ئەمریکا و چین.
ڤایرۆسەکە لە 51 وڵاتی جیھان دەستنیشانکراوە، لەچەند ھەفتەی رابردوودا سەدان ھەزار کەس لە وڵاتانی جیھان تووشی بوون.
رێکخراوی تەندروستی جیھانی رایگەیاندووە، نیشانەکانی جۆرە نوێکەی کۆرۆنا ھەمان نیشانەی جۆرەکانی دیکەی ھەیە، بەڵام خێرایی بڵاوبوونەوەی زیاترە و لەئێستادا لەسەدا 17.4ی حاڵەتەکانی تووشبوون بە کۆرۆنا پێکدەھێنێت.
رێکخراوەکە ئاماژەی بەوە نەکردووە کە جۆرە نوێکەی کۆرۆنا تا چی ئەندازەیەک ترسناکە و ئەوەشیان نەخستووەتە ڕوو کە ئایا ئەو ڤاکسینەی پێشتر وەرگیران هیچ کاریگەری دەبێت بۆ ئەم جۆرەش؟.