هەولێر- نۆرس پرێس
ئۆپێك رایگەیاند، لە نیوەی دووەمی ئەمساڵدا ئاسوی بازاڕێکی تەندروست دەبینێت و پێشبینیش بۆ زیادبونی خواست لەسەر نەوت لە ساڵی 2024 دەکاتەوە.
ئەمڕۆ پێنچشەممە ڕێكخراوی وڵاتانی هەناردەكاری نەوت (ئۆپێك) رایگەیاند، ئاسۆی بازاڕێكی تەندروست لە نیوەی دووەمی ئەمساڵدا دەبینێت و جەختیشی لەسەر پێشبینییەكانی بۆ زیادبونی خواست لەسەر نەوت لە ساڵی 2024 دەكاتەوە، لەگەڵ پێشكەوتنێكی كەم لە ئاسۆی نەوتدا بۆ گەشەی ئابوری جیهانی.
ڕێكخراوی ئۆپێك لەراپۆرتێكدا بڵاویكردووەتەوە، پێشبینی دەكات لە ساڵی 2024 خواست لەسەر نەوتی جیهان بە بڕی دوو ملیۆن و 25 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێكدا بەرزببێتەوە، لە كاتێكدا لە ساڵی 2023دا، دوو ملیۆن و 44 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێكدا گەشەی كردووە.
ڕێكخراوەكە لە ڕاپۆرتەكەدا ئاماژەی بەوەكردوە، گەشەسەندنی بەهێزی ئابوری جیهانی، لەبەر ڕۆشنایی پێشكەوتنی بەردەوامی چین، پێشبینیدەكرێت لە ساڵی 2024دا ڕێژەی بەكارهێنانی نەوت زیاد بكات.
ئەوەشی خستەڕوو، ئاسۆی زیادبونی بەكارهێنان لە بازاڕێكی نەوتی تەندروست لە نیوەی دووەمی ساڵدا زیادی کردووە، جگە لە بنەمای خۆپارێزی و چالاكانە و پابەندبونی وڵاتانی بەرهەمهێنەر.
ڕێكخراوی وڵاتانی هەناردەكاری نەوت و هاوپەیمانەكانی كە بە ئۆپێك ناسراون، لە كۆتاییەكانی ساڵی 2022دا دەستیان كرد بە سنورداركردنی دابینكردنی نەوت بۆ پشتگیریكردنی بازاڕ، لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵیشدا سنورداركردنی دابینكردنی نەوتیان تا ساڵی 2024 درێژكردەوە.
كەمكردنەوەی رێژەی خستنەڕوی نەوت بووە هۆی بەرزبونەوەی نرخی نەوت و ئەمڕۆ پێنجشەممە نرخی بەرمیلێك نەوتی خاوی برێنت لە سەروی 88 دۆلارەوە مامەڵەی پێوەكرا و گەیشتە بەرزترین ئاست.