هاوپەیمانان دەرئەنجامی ئۆپەراسیۆنەکانی دژی “داعش” لە سوریا و عێراق لە مانگی رابردوودا رادەگەیەنێت

قامشلۆ – نۆرس پرێس

رۆژی چوارشەممە، فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا، دەرئەنجامی ئۆپەراسیۆنەکانی لەگەڵ هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) و هێزە ئەمنییەکانی عێراق لە دژی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) لە سوریا و عێراق لە ماوەی مانگی رابردوودا ئاشکرا کرد و جەختی لەسەر بەردەوامی پشتیوانییەکانیان بۆ هێزە هاوبەشەکان کردەوە تا ئەو کاتەی رێکخراوەکە بە تەواوی لەناو دەچێت.

فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا لە بەیاننامەیەکدا کە ئەمرۆ بڵاویکردووەتەوە، رایگەیاندووە، “لە ماوەی مانگی تەمموزی 2023، هێزەکانی هاوپەیمانان بە سەرۆکایەتی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا و هێزە هاوبەشەکان 31 ئۆپەراسیۆنیان لە دژی داعش لە عێراق و سوریا ئەنجامداوە”.

ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو ئۆپەراسیۆنانە بووە هۆی دەستگیرکردنی 30 ئەندامی داعش، جگە لە کوژرانی پێنج ئەندامی دیکەی داعش.

لە بەیاننامەکەدا باس لە وردەکارییەکانی ئۆپەراسیۆنەکانی هاوپەیمانی و هێزە هاوبەشەکان کراوە، بەو پێیەی 20 ئۆپەراسیۆنی هاوبەشیان ئەنجامداوە، کە بووە هۆی کوژرانی دوو ئەندامی داعش و دەستگیرکردنی 7 کەسی دیکە، لە سوریاش 11 ئۆپەراسیۆنی هاوبەشیان ئەنجامداوە، کە بووە هۆی کوژرانی 3 ئەندام و دەستگیرکردنی 6 ئەندامی دیکە.

فەرماندەیی ناوەندی رایگەیاند کە بەهۆی هەوڵەکانی هاوبەشەکانی هاوپەیمانی پشتیوانیکراو، کەمبوونەوەی بەرچاو لە چالاکیی و کاریگەریی رێکخراوەکە لە سەرانسەری ناوچەی ئۆپەراسیۆنەکانی هاوپەیمانیدا روویداوە.

لای خۆیەوە ژەنەراڵ مایکل کۆرێلا، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمەریکا رایگەیاند، “هاوبەشیی ئێمە لەگەڵ هێزە ئەمنییەکانی عێراق و هێزەکانی سوریای دیموکرات پێویستە بۆ رووبەرووبوونەوەی ئەو هەرەشانەی کە رێکخراوەکە لە چوارچێوەی ناوچەکەدا دروستیکردووە”.

کورێلا ئاماژەی بەوەدا کە هاوبەشەکانیان هێشتا بەشدارییەکی بەهێز و ئیرادە دەکەن بۆ دەستەبەرکردنی شکستی هەمیشەیی داعش.