لە هێرشەکەی دوێنێی دووکان گەنجێک گیانیلەدەستدا
سلێمانی – نۆرس پرێس

سەر لە ئێوارەی دوێنێ چوارشەممە، فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان، کە پێشبینی دەکرێت هی تورکیا بێت، لەسەر رێگەی دووکان – خەلەکان ئۆتۆمبێلێکی جۆری “جێب لاریدۆ”ی کردە ئامانج کە دوو کەسی تێدابوە و هەردووکیان بریندار بوون و دواتر بەهۆی سەختی برینەکەیەوە نەژوان عەبدوڵا، کە خەڵکی دەڤەری شارەزوورە گیانیلەدەستدا.
ئەو دوو سەرنشینەی ئۆتۆمبێلە بۆردوومانکراوەکە کە برینداربون، یەکێکیان ئاوارەی رۆژئاوای کوردستانە و ئەوی دیکە هاوڵاتییەکی هەرێمی کوردستانە، کە سەرچاوەکان دەڵێن دەستگیراندار بووە، دوای برینداربوونیان لە نەخۆشخانەی دووکان چارەسەریان بۆ کراوە و دواتر رەوانەی نەخۆشخانەی سلێمانی کراون.
سەرچاوەیەک لە بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، دوێنێ شەو یەکێک لە بریندارەکانی هێرشەکەی رێگای دوکان – خەلەکان بەهۆی سەختی برینەکەیەوە گیانی لەدەستدا و بریندارەکەی دیکەش لە نەخۆشخانە چارەسەر وەردەگرێت.
تا ئێستا زانیاری تەواوەتی دەربارەی ناسنامەی ئەو ئاوارەیەی رۆژئاوای کوردستان لەبەردەستدا نییە.