چەکدارێک لە دێرەزوور هێرشی کردە سەر بنکەیەکی سەربازی حکومی و کوژرا

دێرەزوور – نۆرس پرێس

شەوی سێشەممە/چوارشەممە چەکدارێکی نەناسراو کوژرا، دوای ئەوەی بارەگایەکی سەربازیی هێزەکانی حکومەت لە شارۆچکەی ئەلبوکەمال لە رۆژهەڵاتی دێرەزووری رۆژئاوای کوردستانی کردە ئامانج.

سەرچاوەیەکی سەربازی له هێزەکانی حکومەت له شارۆچکەی ئه لبوکەمال رایگەیاند، چەکدارە نەناسراوە بە ماتۆرسکیلێک بە دۆشکە مەڵبەندی ئەمنی سەربازی هێزەکانی حکومەتیان لە دەروازەی شارۆچکەکە کردووەتە ئامانج.

ناوبراو بۆ نۆرس پرێس ئاماژەی بەوەشکرد، لەدوای هێرشەکە پێکدادان لەنێوان ئەو دوو لایەنەدا دروستبووە و لە ئەنجامدا یەکێک لە هێرشبەرەکان گیانیلەدەستدا کە تەمەنی لە 30 ساڵیدا بووە، ئەوی دیکەش توانیویەتی هەڵبێت.

سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەشدا کە کارمەندانی ئاسایشی سەربازی لە حاڵەتی ئامادەباشیدا بوون و پاسەوانەکانیان توندتر کردووە، چونکە دوو رۆژ لەمەوبەر مەڵبەندەکە هێرشێکی هاوشێوەی کراوەتە سەر و لە ئەنجامدا پاسەوانێک گیانیلەدەستدا و پاسەوانێکی دیکەش بریندار بوو.

بەپێی سەرچاوەکە، خەڵکی شارۆچکەکە ئەو هێرشبەرەیان نەناسییەوە کە لە پێکدادانەکەدا کوژراوە، هەروەها هیچ ناسنامەیەکیشی پێ نەبووە.