رووسیا: نزیکبوونەوەیەکی مەترسیدار لە نێوان فرۆکەکانی هاوپەیمان و رووسیا لە ئاسمانی سوریا روویداوە
دیمەشق – نۆرس پرێس
ناوەندی ئاشتەوایی رووسی لە سووریا راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوە کردووە، فرۆکەیەکی بێفرۆکەوانی MQ-9ی ئەمریکی لە ئاسمانی سوریا زۆر نزیک بووە لە فرۆکەیەکی جەنگی سوخۆی-34ی رووسی.
لە ماوەی چەند هەفتەی رابردوو، هەر یەک لە رووسیا و واشنتۆن یەکتریان بە پێشێلکردنی پرۆتۆکۆلی رێگریکردن “لە بەریەککەوتنی ئاسمانی لە سوریا” کە لە کانوونی دووەمی 2019 لە نێوان هەردوولادا واژۆ کراوە، تومەتبارکرد.
جێگری سەرۆکی ناوەندی ئاشتەوایی رووسیا لە سوریا، ڤادیم کۆلێت لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند، نزیکبوونەوەیەکی مەترسیدار لە نێوان فرۆکەیەکی بێفرۆکەوانی MQ-9 سەر بە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش و “سوخۆ-34″ی هێزەکانی ئاسمانی رووسیا لە ئاسمانی شارۆچکەی عەین عیسا لە رۆژهەڵاتی رووباری فورات روویداوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، نزیکبوونەوەی فرۆکەکان لە یەکتر کەمتر بووە لە 100 مەتر.
ڤادیم کۆلێت دەلێت، فرۆکە بێفرۆکەوانەکەی هاوپەیمانان لە ناوچەکە سوراوەتەوە بێ ئەوەی هاوپەیمانان رووسیا لە فرینی فرۆکەکە ئاگادار بکەن، هەروەها رایگەیاندووە، پێکدادانەکە “بەهۆی لێهاتوویی فرۆکەوانە رووسییەکان”، رووینەداوە.
جێگری سەرۆکی ناوەندی ئاشتەوایی رووسیا لە سوریا رایگەیاند، “لە ماوەی 10 رۆژی رابردوودا 10 پێشێلکاریی پرۆتۆکۆڵی لە لایەن فرۆکەکانی هاوپەیمانان بە سەرۆکایەتی ئەمریکا تۆمارکراون”.