لە حەسەکە نرخی گازوایلی مولیدەکان  بەرزبووە

حەسەکە – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ سێشەممە، بەڕێوەبەرایەتی سووتەمەنی لە شاری حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان، نرخی گازوایلی مولیدەکانی بە بێ بڕیاری فەرمی، لە 75 لیرەوە بۆ 100 لیرەی سوری بەرزکردەوە.

سەرچاوەیەک لە بەرێوەبەرایەتی سووتەمەنی حەسەکە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، بە نۆرس پرێسی ڕاگەیاند، تا ئێستا هیچ بڕیارێکی فەرمی نییە بۆ بەرزکردنەوەی نرخی کارەبای مولیدەکان بەڵام سەرلەبەیانی ئەمڕۆ سەرجەم وێستگەکانی دابەشکردنی سووتەمەنی  لە حەسەکە ئاگادار کراونەتەوە کە دابەشکردنی سووتەمەنی بۆ تەنها دوو کاتژمێر ڕابگرن، بۆ ئەوەی پێداچونەوە بە فرۆشتنی پێشووی خزمەتگوزاری بکەن و هەروەها گازوایلی مولیدەکان کە بە 75 لیرە دابەش کراوە، پێیان گوترا هەمان مادە بە نرخی 100 لیرە دابەش بکەن.

سەرچاوەکە ئەو دەنگۆیانە رەت دەکاتەوە کە بە خاوەنی مولیدەکانیان گوتبێت کارەکانیان ڕابگرن، تا نرخی نوێ دەردەچێت، ئەو دەنگۆیانە ناڕاستن، دەشڵێت، ئێمە دەستێوەردان لە کار و نرخی مولیدەکان ناکەین، تەنها خاوەن وێستگەکانی غازمان ئاگادارکردووەتەوە بۆ دابەشکردنی سووتەمەنی بەسەریاندا.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ چەند مولیدەیەک لە شاری حەسەکە کاریان ڕاگرتبوو، داوای گرانکردنی نرخی ئەمپێریان دەکرد، بەپێی بڕیارەکەی بەرێوەبەرایەتی خۆسەر کە مانگی حوزەیرانی ڕابردوو دەرچووە، تا ئێستا نرخی ئەمپێر هەر بە 9 هەزار لیرەی سوریە ماوەتەوە.

ئامادەکردنی: سامر یاسین – داڕشتنەوە: ڕۆبن عومەر