رووسیا بە مووشەک رۆژهەڵاتی ئۆکرانیای بۆردوومان کرد و دەیەها قوربانی هەیە
هەولێر – نۆرس پرێس
دوو مووشەکی رووسی شاری پۆکرۆڤسکی رۆژهەڵاتی ئۆکرانیایان کردە ئامانج، لەنێویاندا باڵەخانەیەکی نیشتەجێبوون بەر بۆردوومانەکە کەوت، بەگوێرەی دەسەڵاتدارانی ناوچەکە، لانیکەم هەشت کەس کوژران و سێ کەسیش برینداربوون.
دەسەڵاتدارانی پۆکرۆڤسک کە نزیکن لە هێڵەکانی پێشەوەی رۆژهەڵاتی شەڕەکە، رایانگەیاند، هێرشەکە زیانێکی بەرچاوی بە هۆتێل و پیتزاخانەیەک گەیاندووە کە پەیامنێرانی رووماڵکردنی جەنگەکە گوتیان، پیتزاخانەکە زۆر بەناوبانگە.
سەرۆک ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی گوتی مۆسکۆ بۆردومانی “باڵەخانەیەکی نیشتەجێبوون”ی کردووە، گرتە ڤیدیۆییەکانی باڵەخانە پێنج نهۆمییەکە بڵاوکرایەوە، کە باڵيخانەیەکی ئاسایی سەردەمی سۆڤیەتی جارانە و نهۆمی سەرەوەی وێران بووە.
دەسەڵاتدارانی ئۆکرانیا رایانگەیاند، ئۆپەراسیۆنەکانی رزگارکردن بەردەوامن و ئەگەری زۆرە ژمارەی قوربانییەکان بەرزبێتەوە.
پۆکرۆڤسک بە دووری 70 کیلۆمەتر لە باکووری رۆژئاوای شاری دۆنێتسکەوە دوورە، کە لەلایەن مۆسکۆوە کۆنترۆڵکراوە و 50 کیلۆمەتر لە هێڵی پێشەوەی جەنگیشەوە دوورە.
لە نوێکردنەوەیەکی دیکەدا رووداوەکەدا، بەرپرسی ناوچەی دۆنێتسک، پاڤلۆ کیریلێنکۆ، گوتی بۆردوومانەکان “دوو بینای نیشتەجێبوونی کەرتی تایبەت، هۆتێلێک، دامەزراوەی دابینکردنی خۆراک، دوکان و بینا کارگێڕییەکان”یان لەناوبردووە.
ئاماژەی بەوەشکرد، لە هێرشی دووەمدا بەرپرسێکی پلە باڵای فریاکەوتنی ناوچەی دۆنێتسک کوژراوە، دواتر رایگەیاند، لەنێو بریندارەکاندا 19 پۆلیس و پێنج رزگارکەر و منداڵێک هەن.