لە ساڵی 2020ەوە چین گەورەترین دابەزینی لە هەناردە و هاوردەکردندا بەخۆوەبینیوە
هەولێر – نۆرس پرێس
هەناردە و هاوردەکردنی چین لە مانگی تەمموزەوە بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزینی بەخۆیەوە بینیوە، ئەم دابەزینەی بازرگانیش نیگەرانییەکان لەبارەی ئاسۆی گەشەسەندنی دووەم گەورەترین ئابووری جیهان زیاتر دەکات.
ئەمڕۆ سێشەممە، داتا فەرمییەکان دەریانخست، کە هەناردەی چین بە ڕێژەی 14.5% لە چاو ساڵی رابردوودا دابەزیوە، کە گەورەترین دابەزینە لە دوای سەرهەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە شوباتی 2020دا بوو.
هەروەها هاوردەکردن بە ڕێژەی لەسەدا 12.4% دابەزینی بەخۆیەوە بینیوە، ئەمەش رێژەیەکی دابەزینی بەرچاوە، کە لە دوای شەپۆلی جیهانی کۆرۆناوە تۆمارکرابێت.
راپۆرتە تایبەتمەندەکان لەسەر بنەمای بۆچوونی ئابووریناسان پێشتر پێشبینی دابەزینی هەناردەی چینیان کردبوو، بەڵام پێشبینی ئەم رادە زۆرە نەدەکرا.
لاوازی بازرگانی نێودەوڵەتی یەکێکە لە سەرچاوە سەرەکییەکانی فشار بۆ داڕێژەرانی سیاسەت لە پەکین، هەروەها بەهۆی پەککەوتن لە کەرتی خانووبەرەدا، خواستی ناوخۆیی دابەزیوە لەو کاتەوەی رێوشوێنەکانی دژ بە پەتاکە هەڵگیراوە.
هەناردەکردنی چین یارمەتیدەر بوو لە پاڵپشتی ئابوورییەکەی لە ماوەی سێ ساڵی داخستنیدا بەهۆی پەتای کۆرۆناوە، بەڵام لە ساڵی 2023دا رووبەڕووی ئاستەنگی بووەوە، چونکە بەرزبوونەوەی هەڵاوسانی جیهانی و بەرزبوونەوەی رێژەی سوود بووە هۆی دابەزینی خواست لەسەر کاڵاکانی.
لە هەریەک لە سێ مانگی رابردوودا هەناردەکردن لە چاو ساڵی رابردوودا دابەزینی بەخۆیەوە بینیوە و لە مانگی حوزەیراندا بە رێژەی 12.4% دابەزیوە، هاوردەکردنیش بە رێژەی 6.8% .
هەروەها دابەزینی بەرچاوی چاوەڕواننەکراو لە هاوردەکردندا لە مانگی تەمموزدا دەریخستووە، کە چۆن بەکارهێنانی ناوخۆیی نیگەرانییەکانی بازرگانیی زیاتر بوو، ئەمەش دوای زیاتر لە نیو ساڵ لە بەردەوامی ئەو تەوژمەی کۆڤید-19 کە وڵاتەکەی گرتەوە.