لە ئاسمانی رەققە و دەریای ناوەڕاست.. رووسیا باسی لێکنزیکبوونەوەی “ترسناک”ی فڕۆکەکانی ئەمریکا دەکات

هەولێر – نۆرس پرێس

رووسیا رایگەیاند، فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ بەرەنگاربوونەوەی “داعش” “بە شێوەیەکی مەترسیدار” لە فڕۆکەکانی SU-35ی رووسی نزیک بوونەتەوە، لە ئاسمانی شاری رەققە و دەریای ناوەڕاست.

جێگری ناوەندی ئاشتەوایی رووسیا لە سوریا، ڤادیم کۆلێت رایگەیاند، نزیکبوونەوەیەکی مەترسیدار لە ئاسمانی رەققە لە نێوان دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی MQ-9 و LEAPی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لەگەڵ فڕۆکەکانی SU-35ی رووسی تۆمارکراوە، ئاماژەی بەوەشکرد، کە نزیکبوونەوەکە یەکشەممەی رابردوو روویداوە و دووری فڕۆکەکان کەمتر بووە لە 150 مەتر لەیەکترەوە.

بە گوتەی ئەو بەرپرسە رووسییە، لە هەمان رۆژدا، بەسەر ئاوی دەریای ناوەڕاستدا، نزیکبوونەوەیەکی “مەترسیدار”ی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی MQ-9، کە سەر بە هاوپەیمانییەکەیە لەگەڵ فڕۆکەیەکی دیکەی SU-35ی رووسی تۆمارکراوە، کە بە هەمان شێوە لە دووری150 مەتر کەمتر بووە.

ئەم نزیکبوونەوەیانە کە رووسیا بە “مەترسیدار” وەسفی کردووە، چوارەم جارە لە سەرەتای ئەم هەفتەیەوە رابگەێنرێت، بەو پێیەی ناوەندی رووسیا کە بە بنکەی بە حمێمیم ناسراوە، پێشتر تۆمارکردنی دوو نزیکبوونەوەی دیکەی لە ئاسمانی رەققە و ئیدلب بڵاوکردەوە.

لە مانگی تەمموزی ساڵی رابردوودا ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا رووسیای تۆمەتبار کرد بەوەی کە زیاتر لە 5 فڕینی ئاسمانی مەترسیداری ئەنجامداوە، کە هەندێکیان زیانیان بە فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانیان گەیاندووە.

واشنتۆن لە رێگەی بەرپرسانی باڵای پنتاگۆنەوە هۆشداریی دا لە پەرەسەندنی گرژییەکان لە سوریا.

لەو چوارچێوەی کە رووسیا بە “پێشێلکاری” دادەنێت، ئەو بەرپرسە سەربازییەی رووسیا رایگەیاندووە، کە 11 حاڵەتی پێشێلکردنی پرۆتۆکۆلی بەریەکنەکەوتن لە نێوان ئەمریکا و رووسیا لە ئاسمانی سوریادا تۆمارکراوە.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: هۆزان زوبەیر