هەولێر – نۆرس پرێس
وابڕیارە ئەمڕۆ سێشەممە، دادگای باڵای فیدڕاڵی عێراقی بۆ تاوتوێکردنی نۆ سکاڵا کۆبێتەوە، کە دوانیان تایبەتن بە کورد، یەکێکیان لەلایەن دوو هاونیشتمانیی کەرکووکەوە لە دژی مادەی 13ـی تایبەت بە هەڵبژاردنی پارێزگای کەرکووک تۆمارکراوە، ئەوی دیکەش سکاڵایەکە لە لایەن کوردانی فەیلییەوە پێشکەش کراوە.
بەگوێرەی خشتەی کۆبوونەوەکانی دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق، بڕیارە ئەمڕۆ تاوتوێی سکاڵایەک بکرێت، کە لەلایەن دوو کەس بەناوەکانی (ئاسۆ سدیق بیبای و عەلی محەممەد ئەمین) تۆمارکراون و داوایان لە دادگا کردووە کە “مادەی 13ـی یاسای ژمارە 4ـی ساڵی 2023ـی هەمواری سێیەمی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەران و ئەنجوومەنی پارێزگا و قەزا و ناحیەکانی ژمارە 12ـی ساڵی 2018 بە نادەستووری بناسێنرێن.”
سکاڵاکە ژمارە 114/فیدڕاڵی/2023ـی هەیە و ئەمڕۆ دووەم دانیشتنی دادگاکە بۆ ئەو سکاڵایە بەڕێوەدەچێت.
هەر ئەمڕۆ لە هەمان دانیشتندا، دادگاکە تاوتوێی نۆ سکاڵا دەکات، یەکێکی دیکە لە سکاڵاکان لەلایەن پارێزەرێکی کوردی فەیلییەوە لە دژی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران تۆمارکراوە و داوا دەکات هاوشێوەی پێکهاتەی کریستیان کوردانی فەیلی لە بری یەک کورسییەکەی ئێستای پارێزگای واست، پێنج کورسییان هەبێت.
بەگوتەی ئەو پارێزەرە کە بە ئاژانسە ناوخۆییەکانی راگەیاندووە، ژمارەی کوردانی فەیلی لە عێراق نزیکەی 4 ملیۆن کەس دەبن و ژمارەیان زیاترە لە پێکهاتەکانی دیکە بە نموونە کریستیانەکان و دەڵێت: “کوردانی فەیلی لە بەدرە و جەسان، نەعمانیە، خانەقین، مەندەلی، بەلەدروز و چەندین ناوچەی دیکە هەن، هیچ گونجاو نییە تەنیا یەک کورسییان لە پەرلەمانی عێراق هەبێت، بۆیە سکاڵاکەمان بۆ ئەوەیە لە پێنج پارێزگا بە کۆتا پێنج کورسی بۆ کوردانی فەیلی تەرخانبکرێت.”
سکاڵاکار لە سکاڵاکەیدا داوای لە دادگای فیدراڵی کردووە مادەی 9/بڕگەی یەکەم/ب/5 و مادەی 9/بڕگەی دووەم/ب 1 و 2ـی یاسای ژمارە چواری ساڵی 2023ـی یاسای هەمواری سێیەمی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەران و پارێزگا و قەزاکانی عێراقی ژمارە 12ـی ساڵی 2018 بە نادەستووری هەژمار بکات و سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانیش پابەندبکرێت بە هەموارکردنەوەی ئەو مادانە کە پەیوەندیی بە کوردانی فەیلییەوە هەیە و 5 کورسی بە سیستەمی کۆتا لە پێنج پارێزگای عێراق تەرخانبکرێت.