رێکخراوەکانی ژنان لە شاری حەسەکەی رۆژائاوی کوردستان کوشتنی ژنێک لە لایەن هاوسەرەکەیەوە ئیدانە دەکات

حەسەکە – نۆرس پرێس

ئەمرۆ دووشەممە 7ی ئابی 2023، بەشێک لە رێکخراوەکانی ژنان لە شاری حەسەکەی رۆژئاوایی کوردستان، کوشتنی ژنێک لە لایەن هاوسەرەکەی لە یەکێک لە گەڕەکانی ئەو شارە ئیدانەکرد.

کۆنگری ستار، کە رێکخراوێکی تایبەتە بە ژنان و زۆرێک لە رێکخراو و دامەزراوەکانی ژنان لەرۆژئاوای کوردستان، لەخۆدەگرێت، لە میانی گردبوونەوەیەکی نارەزایەتی لەبەردەم ماڵی ژنە کوژراوەکە، داوای لە دەسەڵاتی دادوەری کرد لێکۆڵینەوەکانیان خێراتر بکەن و قورسترین سزا بەسەر تاوانبارەکەدا بسەپێنن.

رۆژی پێنج شەممەی رابردوو، هێبا محەمەد خەلەف (33 ساڵی)، کە دایکی دوو منداڵە، لەلایەن هاوسەرەکەیەوە کوژرا و دوای ئەنجامدانی تاوانەکە بەرەو شوێنێکی نادیار هەڵات، ئەمەش نارەزایی گەورە لە نێو دانیشتوانی شاری حەسەکەدا دروستکرد.

لە بەیاننامەکەی گۆنگرەی ستاردا هاتووە “ئەم تاوانە یەکێکە لە تاوانە قێزەونەکانی دژ بە ژنان، کە هیچ یاسا و کۆمەڵگە و ئایینێک قبوڵی ناکات”.

تاوەکو ئێستا هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی رۆژئاوایی کوردستان هیچ روونکردنەوەیەک لەسەر رووداوەکە نەداوە.