رۆژنامەیەکی تورکی: پوتین لە سەردانەکەیدا بۆ ئەنقەرە پرسی کۆبوونەوەکەی بەشار ئەسەدیش گفتوگۆدەکات

دیمەشق – نۆرس پرێس

رۆژنامەیەکی تورکیا بڵاویکردەوە، پرسی ئەنجامدانی کۆبوونەوەی نێوان رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا و بەشار ئەسەد، هاوتا سورییەکەی، لە کارنامەی سەردانەکەی ڤلادیمێر پوتین بۆ ئەنقەرە دەبێت، ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەنقەرە و دیمەشق “دەرفەت”یان لەبەردەمدایە، بۆ دووبارە بەرزکردنەوەی ئاستی پەیوەندییەکان.

رۆژنامەی حوریەت، کە نزیکە لە دەسەڵاتی تورکیا، بڵاویکردەوە، پوتین لە کۆتایی مانگی ئابدا سەردانی تورکیا دەکات، پرسی سوریا لە کارنامەی سەردانەکەی دەبێت.

رۆژنامەکە لە هەمان کاتدا دەلێت، ئەگەر کۆبوونەوەی نێوان ئەردۆغان و ئەسەد، رووبدات، “گرنگ” دەبێت.

دوای زنجیرەیەک دانوستاندنی چوارقۆڵی (تورکیا، روسیا، سوریا و ئێران) لەسەر ئاستی وەزارەتەکانی بەرگری و دەرەوە لە مانگەکانی نیسان و ئایاری 2023، پلانی کۆبوونەوە لە نێوان ئەسەد و ئەردۆغان خرایەروو، بەڵام هێشتا نەکراوە، لەوکاتەوە میدیاکان سەرنجیان لەسەر ئەو مەرج و داواکاریانە بوو کە هەردوولا (دیمەشق و ئەنقەرە) سەبارەت بە هێزەکانی تورکیا لە سوریا، داوای دەکەن.

رۆژنامەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، دۆڕانی کلیچدارئۆغڵو لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی تورکیادا، رەنگە پاڵنەرێک بێت بۆ ئەوەی ئەسەد بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ تورکیادا بچێتەوە.

پەیوەندییەکانی نێوان ئەنقەرە و دیمەشق دوای سەرهەڵدانی خۆپێشاندەکانی سوریا لە ساڵی 2023 تێکچوو، هاوکات شەپۆلێکی پەنابەرانی سوریی روویان لە تورکیا کرد، دواتر ئەنقەرە پەیوەندییەکانی لەگەڵ دیمەشق پچراند و بەڵێنیدا “ئەسەد برووخێنێت” و دەستیکرد بە پشتیوانیکردنی گروپە چەکدارەکانی ئۆپۆزسیۆن.

رۆژنامه تورکییەکه رایگەیاند که “گەرانەوەی پەنابەرەکانی سوریا لە تورکیاوە، تەوەری سەرەکەی  لووتکەی نێوان ئەسەد و ئەردۆغان دەبێت، بەڵام ناکرێت پەنابەرەکان بگەرێنەوە باوەشی حکومەتی سوریا و رێکخراوە تیرورستیەکان، بۆیە دەبێت هەندێک خاڵی هاوبەشی نێوان سوپای سوریا و تورکیا لە ناوچەکە دروستبکرێن بۆ چاودێریکردنی دۆخی پەنابەرەکان.

جگە لە پرسی سوریا، رێککەوتنی دەریای رەش و پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی رووسیا و تورکیا، لە کارنامەی کۆبوونەوەی پوتین و ئەردۆغان دەبێت.

ئەم سەردانە رەنگە ببێتە هۆی مشتومر لە سەر ئاستی جیهان، چونکە یەکەم سەردانی سەرۆکی رووسیایە بۆ وڵاتێکی ئەندامی ناتۆیە لە دوای دەستپێکردنی شەری ئۆکرانیا، هەروەها ئەم سەردانە دوای ماوەیەکی کەم دێت لە  قبوڵکردنی تورکیا ئەندامێتی سوید لە هواپەیمانەتی ناتۆدا و بەشداریکردنی ئەنقەرە لە گواستنەوەی چەکدارانی ئازۆڤ بۆ نێو ئۆکرانیا، چونکە پێشتر روسیا داوای لە تورکیا کردبوو، ریگە نەدا بەگەرانەوەی ئەو چەکدارانی پێش کۆتایی هاتنی شەری ئۆکرانیا.