هەولێر- نۆرس پرێس
لایەنە سیاسییەکانی عێراق دەڵێن، وروژاندنی پرسی سنوری وشکانی لەگەڵ کوێت لەم کاتە تایبەتەدا “بێ مەبەست” نییە، بە تایبەت کە هاوکاتە لەگەڵ گرژییە نوێیەکەی نێوان دەوڵەتانی کەنداو و ئێراندا، لایەنەکان ئەوە دەردەخەن کە هێزە لایەنگرەکانی ئێران لە عێراق پرسی سنوری وشکانی لەگەڵ کوێت دروست دەکەن بۆ خزمەتکردنی کارنامەی ئێران.
لەم دواییانەدا، پەیوەندی نێوان کوێت و تاران گرژی و ئاڵۆزی زۆری بەخۆیەوە بینی بەهۆی بانگەشەکردنی ئێران بۆ خاوەندارێتیی پشکەکانی کێڵگەیەکی غازی جێناکۆک لە نێوان هەردوو وڵات، ئێران هەڕەشەی گرتنەبەری ڕێوشوێنی تاکلایەنانە لەو بوارەدا کردووە، ئەگەرچی کوێت و سعودیە ئەو مامەڵەیەی ئێرانیان ڕەتکردەوە و پێداگرییان لەسەر خاوەندارێتی ئەو ناوچەیە کردووە.
لایەنە سیاسییەکان پێیانوایە ئێران دەیەوێت لە چوارچێوەی فشارخستنە سەر کوێت، قەیرانێک لە نێوان دەوڵەتی کەنداو و عێراق بوروژێنێت، هەروەها ئەو بارودۆخە ئەرێنییە تێکبدات کە لە سەردانەکەی شێخ سالم عەبدوڵا جابر، وەزیری دەرەوەی کوێت بۆ بەغدا بەڕێوەچوو، جەختی لەسەر پێویستیی چارەسەرکردنی دۆسییە ناکۆکییەکان کرایەوە.
هەندێک کێشەی هەڵپەسێردراو لە نێوان کوێت و عێراقدا بوونی هەیە، بەتایبەتی ئەوانەی پەیوەندییان بە سنورە دەریاییەکانەوە هەیە، لەکاتێکدا وا گریمانە دەکرێت کە هیچ کێشەیەک لەبارەی سنورە وشکانییەکانیانەوە نەبێت، بەوپێیەی لە سەردەمی رژێمی سەدام حوسێن، سەرۆکی بەعسی روخاو یەکلاکراونەتەوە، لە ژێر چاودێری نەتەوە یەکگرتوەکاندا.
دوێنێ یەکشەممە، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە لێدوانێکدا بۆ بەرنامەی “ئەلوەتەن وەلناس” کە لەلایەن کەناڵی “عێراقی”یەوە پەخشکرا، رایگەیاند، “حکومەتی ئێستا و حکومەتەکانی پێشو لە دوای ساڵی 2003ەوە هیچ بڕیارێکیان نەداوە سەبارەت بە دەستبەرداربون لە زەوییە عێراقییەکان لە بەرژەوەندی دەوڵەتی کوەیت، و ئەوەی ئێستا دەوروژێنرێت ئامانجی چەواشەکردنی ڕای گشتییە و شێواندنی راستییەکانە.