هێزی دەریایی ئەمریکا گەشتنی 3000 سەربازی بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست راگەیاند

دیمەشق – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ دووشەممە، فەرماندەیی ناوەندی هێزی دەریایی ئەمریکا، گەشتنی زیاتر لە 3000 سەرباز و هێزی دەریایی وڵاتەکەی بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست راگەیاند، ئەمەش بەشێکە لەوەی کە پنتاگۆن پێشتر رایگەیاندبوو.

هێزی دەریایی ئەمریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس (تویتەری پێشوو) رایگەیاند کە کەشتیی هێرشبەری وشکاوەکی “باتان” و کەشتی دابەزینە سەربازییەکانی “کارتەر” دوای پەڕینەوەیان لە دەریای ناوەڕاست لە رێگەی کەناڵی سوێسەوە چوونەتە ناو دەریای سوورەوە.

ئاماژەیان بەوەشکرد، ئەو پشتیوانییە سەربازییانە “پشتیوانی زیاتری ئاسمانی و دەریایی” دەگوێزنەوە بۆ ناوچەکە، هەروەها هێزی دەریایی و دەریاوانی زیاتری ئەمریکاش لەخۆدەگرن، ئەمەش ” توانای دەریایی زیاتر بۆ دەریاوانی پێنجەمی ئەمریکا” دابین دەکات.

کەشتییە هێرشبەرە وشکاوەکییەکە دەتوانێت زیاتر لە بیست هێلیکۆپتەر هەڵبگرێت، لەوانە فڕۆکەی هێرشبەری MV-22 ئۆسبری و  AV-8B Harrierی هێرشبەر، هەروەها چەندین کەشتی دابەزینە سەربازییەکانی دیکەش.

لە ناوەڕاستی مانگی تەمموزدا، بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی بەرگری ئەمریکا جەختی لەوە کردەوە کە چین، رووسیا و ئێران، جگە لە هەڕەشەکانی “گرووپە توندڕەوەکان” بە ئاماژەدان بە دەوڵەتی ئیسلامی “داعش”، هێشتا لە ژێر سەرنجی ئەمریکادان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەتایبەتیش لە سوریا.

دوابەدوای ئەم لێدوانە، وەزیری بەرگری ئەمریکا، لۆید ئۆستین، فەرمانی بڵاوکردنەوەی کەشتیی تێکدەری “USS Thomas Hudner” و فڕۆکەی شەڕکەرەکانی F-35 و F-16ی دەکرد، لە ناوچەی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا لە کەنداو، گەرووی هورمز وکەنداوی عومان.

کەشتی دەریاوانی پێنجەمی ئەمریکا نزیکەی 2.5 ملیۆن میل چوارگۆشە لە رووبەری ئاوی دادەپۆشێت، کە ئاوەکانی کەنداوی عەرەبی، کەنداوی عومان، دەریای سوور، بەشێک لە زەریای هیندی، سێ خاڵ لە گەرووی هورمز، کەناڵی سوێس و گەرووی باب ئەلمەندەب دەگرێتەوە.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: هۆزان زوبەیر