لە شاری حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان پیاوێک ژنەکەی دەکوژێت
حەسەکە – نۆرس پرێس
تەرمی ئافرەتێک لە شاری حەسەکەی رۆژئاویی کوردستان بە کوژراوی دۆزرایەوە.
دوای ئەوەی قوربانییەکە بۆ ماوەی چەند رۆژێکە دیارنەمابوو، ئەمرۆ یەکشەممە 6\8\2023، دانیشتوانی شاری حەسەکە تەرمی ژنە کوژراوەکیان دۆزییەوە.
سەرچاوەیەک لە سەنتەری پزیشکی دادی حکومەتی سوریا لە شاری حەسەکە، بە نۆرس پرێسی راگەیاند، “تەرمی قوربانیەکە (هیبا مەحمود) لەدایکبووی ساڵی 1999، بە کوژراوی دۆزایەوە، بەپێی پشکنینی سەرەتایی دەرکەوتووە، کە لە رۆژی پێنجشەممەی رابردووەوە کە بێسەروشوێن بوو، کوژراوە.
گوتیشی، “ئەنجامدەری تاوانەکە مێردی کوژراوەکە، ناوی حەسەن قەتاشە، خەڵکی شارۆچکەی سفیرەی گوندەواری حەلەبە، لە دوای کوشتنی هاوسەرەکەی لەگەڵ هەردوو منداڵەکەی هەڵاتووە بۆ شوێنێکی نادیار.”
تاوەکو ئێستا ئاسایشی رۆژئاوایی کوردستان هیچ روونکردنەوەیەک سەبارەت بە کوشتنی ئەو ژنەوە بڵاونەکردووەتەوە
بەشێک لە دانیشتوانی هەمان گەرەکی کە تاوانەکەی تێدا روویداوە بۆ نۆریس پرێسیان قسەکرد و گوتیان، “نەمانزانی هاوسەری قوربانییەکە لە گەرەکەکە هەڵاتووە، بەڵام کاتێک بۆنی ناخۆش لە خانووەکە دەردەچوو، خاوەنی ماڵەکە داوایان لە دانیشوانی گەرەکەکە کردووە، لەگەڵیان بچن بۆ کردنەوەی دەرگەی ماڵەکە، دواتر بۆیان درکەوت کە ئەو بۆنە ناخۆشە هی تەرمی ژنە کوژراوەکە بووە.