لایەنێکی نێودەوڵەتی هەوڵدەدات ئاو بۆ یەک ملیۆن کوردی رۆژئاوا دابینبکات

حەسەکە – نۆرس پرێس

بەرپرسێکی بەرێوەبەرایەتی گشتی ئاوی خواردنەوه له شاری حەسەکه له رۆژئاوایی کوردستان، ئەمرۆ یه کشەممه رایگەیاند، لایەنێکی نێودەوڵەتی بە ناوبژیوانی یونیسێف کار دەکات، بۆ بەردانی ئاوی وێستگەی عالووک که لەژێر دەسەڵاتی تورکیایه لە شارۆچکەی سەرێ کانیی.

یونیسێف چەند جارێک نێوەندگیری لە نێوان ئەو دوو لایەنەدا کردبوو (بەرێوەبەرایەتی خۆسەر و تورکیا )، بەو مەرجەی بەرێوەبەرایەتی خۆسەر هێڵێکی کارەبا بۆ وێستگەکە و ئەو ناوچانەی کە تورکیا کۆنترۆڵی کردوون دابینبکات، لە بەرامبەردا تورکیا رێگەی بە کارپێکردنی وێستگەی عەلووک بدات، بەڵام بەرێوبەرایەتی خۆسەر دەلێت تورکیا باپەند نابێت بە مەرجانە.

عیسا یونس، هاوسەرۆکی بەرێوەبەرایەتی ئاوی حەسەکە بە نۆرس پرێسی راگەیاند، ئەرکی یونیسێف ئەرکێکی مرۆییە و پەیوەندی بە سیاسەتەوە نییە، بەڵام بەهۆی فشارەکانی رای گشتی، جارێکی دیکە هاتووتە سەر خەت بۆ ئەوەی لایەنی تورکی رازیبکات کار بە وێستگەی عەلووک بکات بۆ دابینکردنی ئاوی شاری حەسەکە و گوندەواری کە زیاتر لە یەک ملیۆن کەس لە خۆی دەگرێتەوە.

لە لێدوانێکی پێشوودا عیسا یوسف ئاماژەی بەوەکردبوو، کە لەسەرەتای مانگی ئاب یونیسێف پێی راگەیاندوون، راگرتنی ئاوی وێستگەی عەلووک لەبەر هۆکاری تەکنیکی نییە، بەڵکو پرسێکی سیاسییە.

سەبارەت بە ناوەرۆکی گفتوگۆکان لەگەڵ یونیسێف و مەرجەکانی ئەو لێکتێگەیشتنانەی کە لە چەند رۆژی رابردوودا لە میانی کۆبوونەوەیەکدا روویدا، یونس ئاماژەی بەوەدا کە رێککەوتنەکە بریتیە لە “دابینکردنی 6 مێگاوات کارەبا بۆ وێستگەی عەلوک لە کارەبای شاری دەرباسیەیی رۆژئاوایی کوردستان، لە بەرامبەردا دەبێت تورکیا 18 بیری وێستگەی عەلووک بخاتە کار بۆ دابینکردنی ئاوی شاری حەسەکە.

گوتیشی “نیگەرانی خۆمان سەبارەت بە خۆدزینەوەی تورکیا لە جیبەجێکرنی لێکتێگەیشتنەکە نیشاناد، دەبێت داوی پێدانی کارەبا بە 72 کاتژمێر ئاوی وێستگەی عەلووک بگاتە شاری حەسەکە”.

پێنجشەممەی رابردوو، بەرێوەبەرایەتی خۆسەری باکور و رۆژهەڵاتی سوریا ، بە ئامانجی دەستەبەرکردنی ئاو بۆ زیاتر لە ملیۆنێک کەس، دەستپێکردنی پرۆژەی راکێشانی ئاوی خواردنەوە لە گوندەکانی سەنجەق سەعدون و کەندوور لە باشووری عامودە بۆ حەسەکە، تەل تەمر و گوندەکانی دەوروبەری راگەیاند.

یونس ئاماژەی بەوەشکرد، سەرەرای گەیشتن بە لێکتێگەیشتن ، هێشتا نەچووەتە بواری جیبەجێکردن، چونکە وێستگەکە پێویستی بە چاککردنەوە هەیە.

لەکۆتاییدا هاوسەرۆکی بەرێوەبەرایەتی ئاوی حەسەکە ئاماژەی بەوەدا، کە لەو باوەرەدا نییە لایەنێک هەبێت تورکیا ناچار بکات گەرەنتی هەر رێککەوتنێک بکات، “چونکە تورکیا ئاو، وەک کارتی فشار لەسەر بەرێوبەرایەتی خۆسەر بەکاردەهێنێت”.