سێ وێستگەی کارەبای حەسەکەی رۆژئاوایی کوردستان لە کارکەوتوون

حەسەکە – نۆرس پرێس

سەر لەبەیانی ئەمرۆ یەکشەممە، 6ی ئابی 2023، بەهۆی کەوتنی شەش تاوەری کارەبا لە گوندەواری پارێزگای حەسەکە، سێ وێستگەی سەرەکی کارەبا لەو پارێزگایەی رۆژئاوایی کوردستان بەتەواوی لە کارکەوتن.

ئازاد سلێمان، بەرپرسی فەرمانگەی گواستنەوە وزە لە هەرێمی جەزیرە (حەسەکە، قامشلۆ) گوتی، “بەرەبەیانی ئەمرۆ شەش تاوەری کارەبا لە نێوان هێڵی 66 و وێستگەکانی بەنداوی رۆژهەڵات و بەنداوی باشوور، و وێستگەی گواستنەوەی کارەبای تەل تەمر کەوتنەخوار، کە بووە هۆی پەکەوتنی ئەم وێستگانە”.

ئازاد سلێمان بۆ نۆرس پرێس، ئاماژەی بەوەشکرد، هۆکاری کەوتنی تاوەرەکان “بەهۆی دزینی پارچەکانی تاوەری کارەبا و كەوتنی هەریەك لەوتاوەرانە بووە، ئەمەش شتێکی نوێ نییە چونکە تاوەرەکانی ئەم ناوچەیە بەردەوام دەدزرێن”.

ئەو بەرپرسە دەلێت “دوو رۆژ لەمەوبەر و بەهەمان هۆکار چوار تاوەری دیکە لە سەر هێڵی مەزرعە کە کارەبا بۆ ناوچەی هۆل دابیندەکەن دزران، دوای چاکردنیان، زانیاری پێمان گەیشت ئەم شەش تەوارانەش کەوتن.

ئاماژەی بەوەشکرد، زیاتر لە 45 تاوەر لەسەر ئەم هێڵە هەیە کە زۆر پارچە لێدزراوە، بۆیە مەترسی کەوتن لە سەریان هەیە.

وێستگە لە کارکەوتووەکان بەشێوەیەکی کاتی لە وێستگەی شەدادی باشووری حەسەکەوە کارەبایان پێدرا بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک، تاوەکو ئەو کاتەی کێشەکە چارەسەردەکرێت.

بەرپرسی فەرمانگەی گواستنەوە وزە لە هەرێمی جەزیرە گوتی، سبەینێ دووشەممە تیمەکانی چاککردنەوە و فریاگوزاری دەچن بۆ چاککردنەوەی تاوەرەکان.